پێشمەرگەیەک لە رانیە بە تەنیا لە ماڵەکەیدا کۆچی دوایی کرد
رۆژێکی تەواو بەسەر مردنیدا تێپەڕیوە و کەس تەرمەکەی وەرناگرێتەوە
فەرمان مەلا حەسەن – راپەڕین
بۆ ماوەی 24 کاتژمێرە تەرمەکەی لە پزیشیکی دادیی ماوەتەوە و کەس نەبووە وەریبگرێتەوە، ئەوە چیرۆکی گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەکە لە رانیە کە بە تەنیا لە خانووێکی کرێدا دەژیا و دوای مردنیشی تا ئێستا هیچ کەس و کارێکی نەچوون بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی لە پزیشکی دادی.
ئاوات، کە پێشمەرگەیەکی دێرین بووە، لە ساڵی 2021ـەوە دوای مردنی هاوژینەکەی بە تەنیا دەژیا و هیچ منداڵ و کەسێکی نزیکی نەبووە، یەکێک لە دراوسێکانی بە ناوی عەباس جەواد کە یەکەم کەس بووە تەرمەکەی دۆزیوەتەوە بۆ 964 قسەی کردووە و دەڵێت، بەهۆی ئەوەی نەخۆشی شەکرەی هەبوو دراوسێکان خواردنیان بۆ دەبرد، بەڵام دوای ئەوەی دوینێ خواردنم بۆ برد دەرگای نەکردەوە، چوومەژوورەوە و بینیم بەهۆی جەڵتەوە کۆچی دوایی کردووە.
ئێستا تەرمی ئەو هاوڵاتییە لە پزیشکی دادی رانیەیە و پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە تا ئێستا هیچ کەس و کارێکی پەیدا نەبوون بۆ ئەوەی تەرمەکەی وەربگرنەوە، جیرانەکانی دەڵێن، پیاوێکی زۆر باش بووە و هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کەس نەبووە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر