بە سیستمی زیرەک

70 شۆفێر ئاشکرابوون کە ویستیان بەنزینی دووبارە وەربگرن

ئەحمەد مستەفا

ئەو سیستمە زیرەکەی داندراوە هۆکار بوو بۆ ئەوەی، تەنای ئەمڕۆ لە قەزای چۆمان 70 ئۆتۆمبێل ئاشکرابکات، کە پێشتر لە بەنزینخانەکان بەشە بەنزینیان وەرگرتبوو ویستبوویان دووبارە بەنزین وەربگرنەوە.

لیژنەی سوتەمەنی چۆمان دەڵێ، رێگریمان کرد دووبارە بەشە بەنزین وەربگرنەوە، تاوەکو بەشێوەیەکی دادپەروەری بۆ ئەو کەسانە بێت کە بەنزینیان وەرنەگرتووە.

لیژنەی سووتەمەنی قەزای چۆمان لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، ئەمڕۆ چوارشەممە 26.8.2026، لە بەنزینخانەی چۆمانی حکومی هەستاون بە دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومی 750 دیناری، جیاواز لە پێشتر، نۆرەی وەرگرتنی بەنزین زۆر بە باشی بەڕێوەچووە، ئۆتۆمبێل بە 15 بۆ 20 خولەک بەشە بەنزینی خۆی وەرگرتووە.

لیژنەکە سوپاسی بەرێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کارمەندەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی چۆمان کارمەندانی بەنزینخانەکان دەکات و پڕۆسەکەی پێ سەرکەوتوو بوو، وە دەڵێ، لیژنەی سووتەمەنی بە شەو و رۆژ لە خزمەتی هاوشاریانی سنوورەکەمانداین.

لیژنەکە هیوای خواستووە، شۆفێران پابەندی رێنماییەکان بن و رێز لە ماندووبوونی ئەندامانی لیژنە و کارمەندان و پۆلیسەکانی ناوخۆ بگرن، وە داوای کردووە،  هەموولایەک هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن.