"رێگامان دوورە و تووشی نەخۆشی بووین"

خوێندکارانی بەشە پزیشکییەکان داوای نەقل دەکەن و زانکۆی سلێمانیش وەریانناگرێ

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

خوێندکارانی بەشە پزیشکییەکان دەیانهەوێ بگەڕێنەوە زانکۆی سلێمانی و لە شارەکەی خۆیان درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن، زانکۆش دەڵێ، شوێنمان نییە و جارێ دەبێ چاوەڕێ بکەن.

بەشێک لەو خوێندکارانە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی چوونە بەردەم زانکۆی سلێمانی، هەندێک لە مامۆستاکانی زانکۆش چوونە لایان و پشتیوانی خۆیان بۆ داواکەیان دەربڕی،  د. کاوان سەڵاحەدین مامۆستای زانکۆ بە 964ـی وت، “بەپێی یاسایەکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەر خوێندکارێک شایستە بێ دەتوانی دوای ساڵێک لە خوێندن داوای نەقل بۆ شارەکەی خۆی بکات، بەڵام ئەوە دوو ساڵە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی ئەو یاسایە پێشێل دەکات و جێبەجێی ناکات”.

“تەنیا بە بیانووی ئەوەی کە جێگایان نییە، وەریانناگرێت، بەڵام بۆ ئەوەش وەزارەت مەرجی داناوە و کۆلێژەکە دەتوانێ بە دانانی فیلتەر رێژەیەکی کەمیان وەربگرێت”، د. کاوان وادەڵێت.

ئەو خوێندکارانە دەڵێن، تێیاندایە بێ سەرپەرشتە و باوک و برای نییە، یان رێگایان دوورە و مەسروفی زۆر دەکەوێتە سەر شانی خۆیان و خانەوادەکەیان، بۆیە حەقی خۆیانە بگەڕێنەوە شاری خۆیان و لەوێ درێژە بە خوێندن بدەن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری