هەڵمەتێکى فراوان دەستیپێکردووە
حەوت کەس بە تۆمەتى قاچاخچیتى بە بەشە بەنزینى خورماتوو دەستگیرکران
سیروان خورشید – خورماتوو
بەتۆمەتى دروستکردنى قەیران و قاچاخچێتى بە بەشە بەنزینى قەزاى خورماتووەوە، حەوت کەس دەستگیرکران و رێکارەکانى وەرگرتنى بەنزینیش، توند کرایەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 17.8.2026 ئیدارەی قەزای خورماتوو هەڵمەتێکی فراوانی ئەمنیی دەستپێکرد بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە قاچاغچی و بازرگانى بە بەشە سوتەمەنی قەزاکەوە دەکەن و بوونەتە بارگرانی لە دابینکردنی بەنزینی رۆژانەی هاووڵاتیاندا.
زولفەقار حەیدەر، قایممقامی خورماتوو بە964ـی وت،” ئەم هەنگاوە لەسەر راسپاردەی پارێزگاری سەڵاحەدین ئەنجامدراوە و ئامانج لێی رێگریکردنە لە دروستکردنی قەیرانی دەستکرد و پاراستنی مافی هاوڵاتیان”.
” لە یەکەم هەڵمەتدا توانرا حەوت کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە سوتەمەنی قەزاکەوە دەستگیربکرێن و هەڵمەتەکەش بەرداوام دەبێت”، قائیمقامى خورماتوو واى وت.
روونیشى کردەوە کە چیتر وەرگرتنی بەشە بەنزین تەنیا بە کۆبۆن نابێت، بەڵکو لەمەودوا دەبێت بارکۆد و سەنەوى ئەو ئۆتۆمبێلەى بەنزینەکە وەردەگرێت هاوتابێت، بە پێچەوانەوە هیچ بڕە سووتەمەنییەکی پێ نادرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح