پۆستەری ژینا ئەمینی بە دەستی خۆپیشاندەران
"ژینا بۆ هەمیشە لە مێژوودا بە نەمرى دەمێنێتەوە"
باوکى ژینا ئەمینى بۆ پەرلەمانتارێکى ئێران: زمانتان ببڕێت ئێوە وڵاتێکتان ناردووە بۆ دۆزەخ
وریا فەتاح
پەرلەمانتارێکى ئێران، هێرشێکى توندى کردبووە سەر ژینا ئەمینى و بە دەستەواژەى نەشیاو ناوى هێنابوو، ئەمجەد ئەمینى باوکى ژینا، وەڵامێکى توندى پەرلەمانتارەکە دەداتەوە و دەڵێت: زمانتان ببڕن، ناوی کچەکەم بۆ هەمیشە لە مێژوودا بە نەمری دەمێنێتەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، “ئەحمەد ئاریایی نەژاد”، پەرلەمانتاری شاری مەلایەر لە پەرلەمانی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی ئێران سووکایەتی بە ژینا ئەمینی کرد و وتویەتى، “بە نەفرەت کرا و چووە دۆزەخەوە”، ئەم قسەیە کاردانەوە و توڕەیی زۆری لێکەوتەوە.
لە وەڵامی ئەمەدا، ئەمجەد ئەمینی باوکى ژینا لە رێگەی هەژماری خۆی لە ئینستاگرام پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو پەرلەمانتارە بەو قسانە سووکایەتی بە خێزانەکەیان و تەواوی گەلی کوردستان و ئێران کردووە.
ئەمجەد ئەمینی بە توندی رووی دەمی دەکاتە پەرلەمانتارەکە و ئەو بەرپرسانەی وڵات و دەڵێت: “دەڵێن فریشتە نازدارەکەی ئێمە چووەتە دۆزەخەوە، زمانتان ببڕێت، ئێوە کە وڵاتێکتان وێران کردووە و ناردووتانە بۆ دۆزەخ”.
لە بەشێکی تری هەواڵەکەدا، باوکی ژینا باس لە دۆخی خراپی وڵات دەکات و دەڵێت: “سەیرە، لە بارودۆخێکدا کە خەڵکی ئەم وڵاتە بەهۆی بڕیارەکانی کەسانی وەک ئەو پەرلەمانتارەوە لەوپەڕی هەژاری و نەهامەتیدان، و هەزاران گەنجی هاوتەمەنی ژینا لە داخی ئەو داهاتووە دەسووتێن کە ئەوان ئاگریان تێبەرداوە، کەچی هێشتا واز لە کچەکەی ئێمە ناهێنن.”
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەمجەد ئەمینی جەخت دەکاتەوە کە میراتی ژیانە کورتەکەی ژینا بووەتە هێمای ئازادی و سەربەستی، و ناوی کچەکەی لە پاڵ هەزاران مرۆڤی بێتاوانی تردا بۆ هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوە.
بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی داهاتوودا، دووەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی تێپەڕێت، ئەو کچە کوردەی کە لە ساڵی 2022 لەلایەن “پۆلیسی ئاکار”ـی ئێرانەوە دەستگیرکرا و دواتر گیانی لەدەستدا. مەرگی ئەو بووە هۆی هەڵگیرسانی گەورەترین شەپۆلی ناڕەزایەتی لە ژێر دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لە سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.