وڵاتێکی پێ ئاوەدان دەکرێتەوە

بەغدا و هەرێم دەستیان بەسەر زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار و 60 کیلۆ زێڕی جومەیلیدا گرتووە

شۆڕش قادری

پارە و زێڕە دزراوەکان لەلایەن عەدنان جومەیلی و دارودەستەکەی وڵاتێکی پێ ئاوەدان دەکرێتەوە، بەغدا و هەرێم پێکەوە دەستیان بەسەر زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار و 200 ملیۆن دینار و 60 کیلۆ زێڕی ئەو ماڵ کاولەدا گرتووە.

دەسەڵاتی دادوەری عێراق بڵاویکردووەتەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دەست بەسەر بڕی 20 ملیۆن و 340 هەزار دۆلار و 200 ملیۆن دیناری عێراقی لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت و هاوکارەکانیدا گیراوە، هەر ئەوەش نا، 60 کیلۆ زێڕ و حەوت ئۆتۆمبێل هەر لەو چوارچێوەیەدا زەوت کراون و گەڕێندراونەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت.

ئاماژە بەوەشکراوە، رێکارەکانی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو داهاتە داراییانەی کە لە ئەنجامی بەهەدەردانی ئەو پڕۆژانەی کە لەلایەن تۆمەتبار و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دۆسیەکەوە جێبەجێکراون، بووەتەهۆی دەستبەسەرداگرتنی ئەو سامان و پارەیە.

دەسەڵاتی دادوەری عێراق دەشڵێت، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوە و پەیداکردنی هەموو ئەو کەسانەی پەیوەندیان بەو دۆسیەیەوە هەیە و دەستیان لە گەندەڵی وڵاتدا هەبووە.