عەلى زەیدى: رێگە نادەین خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانمان بەکاربهێنرێت

وریا فەتاح

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەپەلەی کرد و دەڵێت: رێگە نادەین خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانمان بەکاربهێنرێت”.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر رێگریکردن لە هەر سەرپێچی و هەڕەشەیەک کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی ئەمنیی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکان و دانانی میکانیزمی توند بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر پێشێلکارییەک.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران رێنمایی هێزە ئەمنییەکانی کرد کە یاسا سەروەر بکەن، ئاسایش و سەقامگیری زیاتر بکەن، و بەرپرسیارێتیی خۆیان لە پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و پاراستنی مافی دراوسێیەتی جێبەجێ بکەن.

لە کۆبوونەوەکەدا، ئامادەیی هێزە چەکدارەکان بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێک کە وڵاتانی دراوسێ بکاتە ئامانج دووپات کرایەوە. هەروەها جەخت کرایەوە سەر پابەندبوونی نەگۆڕی عێراق بەوەی رێگە نادات خاکەکەی وەک پێگەیەک یان رێڕەوێک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دۆست و برا بەکاربهێنرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی رێزگرتن لە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و دراوسێیەتیی باش.