دارێکیان تەمەنی 50 ساڵە
لە سنووری قەرەداغ چەند دارێک بڕدراونەوە
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
لە گوندی کۆشک لە سنووری قەزای قەرەداغ چەند دارێک ىڕدراونەوە لەناویاندا دارێکی 50 ساڵە هەیە، پۆلیس بەدوای ئەو کەسەدا دەگەڕێت کارەکەی کردووە.
دارەکان بە مشار بڕدراونەوە و رۆژی 17.3.2023 وێنەکان تۆمارکراون و دوێنێ دووشەممە لە سۆشیال میدیا بڵاوکراوەتەوە.
بە پێی سۆراغی تۆڕی 964 دارەکان وشک بوون، جگە لە دوو دار کە تەڕ بوون و بڕدراونەتەوە.
عەبدوڵا حوسێن، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی قەزای قەرەداغ بە تۆڕی964ـی وت “ئێوارەی ئەمڕۆ ھێزەکانمان چوونەتە ناوچەی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان کردووە”.
دەشڵێت؛ یاسا رێگە بە خاوەن زەویی کشتوکاڵ دەدات سوود لە داری وشکی ناو زەوییەکەی وەربگرێت. بەڵام ئەو دارانەی بڕدراونەتەوە لە زەویی کشتوکاڵیی کەسێکی دیاریکراودا نەبوون.
بە پێی یاسا بۆ ئەوەی بسەلمێنرێت دارێک وشک بووە و رێگەی بڕینەوەی پێ بدرێت، دەبێت پشکنینی بۆ بکرێت و مۆڵەتی بڕینەوە بدرێت، بۆ بڕینەوەی ئەو دارانەش هیچ کام لەو رێکارانە نەگیراوەتەبەر.
“ئێمە ئەنجامدەری بڕینەوەی دارەکان وەک تۆمەتبار سەیر دەکەین و رێکاری پێویستی بەرامبەر دەگرینەبەر”، عەبدوڵا حسێن وای وت.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد