شەڕی ئێران و ئەمریکا قورستر بووە

ترەمپ: گەرووی هورمز کۆنتڕۆڵ دەکەین و باج وەردەگرین

شۆڕش قادری

شەڕی ئێران و ئەمریکا لەسەر گەرووی هورمز چڕبووەتەوە و هەریەکەو بەلای خۆی دایدەتاشێ.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تازەترین لێدوانی خۆیدا رایگەیاند، “گەرووی هورمز کۆنتڕۆڵ دەکەین و لە بەرامبەر پاراستنیشیدا باج وەردەگرین”.

ترەمپ ئەم قسانەی بە کەناڵی فۆکس نیوز وتووە و دەڵێت، “رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران هەبوو، بەڵام شکاندیان، ئەوان هەمیشە بەڵێن و رێککەوتنەکان دەشکێنن”.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژە بە هێرشەکانی چەند رۆژی رابردوو بۆ سەر ئێران دەکات و دەڵێت، “زۆر بەتوندی لێی دەدەین، دوێنێ شەویش بەتوندی لێماندان”.

ئەم قسانەی ترەمپ لەکاتێکدایە کە چەند رۆژێکە شەڕی ئێران و ئەمریکا لە دەورووبەری گەرووی هورمز دەستیپێکردووەتەوە، تاران دەڵێت، “گەرووەکەمان داخستووە و وەک خاکی خۆمان بەرگری لێ دەکەین، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ناچار نەبین باج بدەین و کەشتییەکانمان بە ئازادی بێن و بڕۆن”.