کەمێک لەمەوبەر کۆتایى هات
لە راگەیەندراوى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران باسى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم نەکراوە
964+
وریا فەتاح
کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق کە بە سەرۆکایەتى عەلى زەیدى بەڕێوەچوو، زنجیرەیەک بڕیاری گرنگی سەبارەت بە کەرتەکانی نەوت، کارەبا، رێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و بەئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەکان دەرکرد. بەڵام باسى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم نەکراوە.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ شەممە 4.7.2026، گرنگترین بڕیارەکانی حکومەتی عێراق بەم شێوەیەن:
دەسەڵات درا بە وەزارەتی کارەبا بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی گشتگیر لەگەڵ کۆمپانیای (GE)ی ئەمریکی بۆ پەرەپێدانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارەبا.
رەزامەندی درا لەسەر رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای (شیڤرۆن)ی ئەمریکی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت.
واژۆکردنی رێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ هاوپەیمانییەکی ئەمریکی-قەتەری (Capital TI، UCC، شیڤرۆن) بۆ لێکۆڵینەوە لە پرۆژەی هێڵی بۆری نەوتی ستراتیژی (بەسرە-حەدیسە-کەرکوک-جەیهان) و (بەسرە-حەدیسە-بانیاس).
رۆژانە 25 هەزار بەرمیل نەوتی دیکە خرایە سەر “رێککەوتنی عێراق و چین”، بۆ ئەوەی پارەی پێویست بۆ بەردەوامی پرۆژەکانی چین لە عێراق دابین بکرێت.
لەمەودوا قەدەغەیە دوای پەسەندکردنی هەر پرۆژەیەک، هیچ بڕگە و تێچوویەکی نوێی بۆ زیاد بکرێت، مەگەر بۆ حاڵەتی لەناکاو و سەلامەتی نەبێت. هەر کارێکی نوێ دەبێت بکرێتە پرۆژەیەکی سەربەخۆ.
ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی دیزاین و لێکۆڵینەوە بۆ پرۆژەکان دەکەن، لەمەودوا بەرپرسیار دەبن لە رووی یاساییەوە لە هەر زیادبوونێکی تێچووی پرۆژەکان بەهۆی هەڵەی ئەوانەوە، ئەمەش بۆ رێگریکردن لە بەهەدەردانی پارەی گشتی.
دەبێت سەرجەم لیژنە لێکۆڵینەوەکان لە ماوەی 60 رۆژدا کارەکانیان تەواو بکەن و پارە دزراوەکان بگەڕێندرێنەوە بۆ دەوڵەت.
پێدانی ڤیزا و مۆڵەتی کار بە کرێکاری بیانی دەکرێتە ئەلیکترۆنی و ئۆفیسی وەزارەتی کار لەناو دەستەی وەبەرهێنان دادەخرێت.
وەزارەتی پەروەردە دەسەڵاتی پێدرا کێبڕکێی کراوە رابگەیەنێت بۆ چاپکردنی کتێبی قوتابخانەکان لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان.
هەزار و 760 ئامێری تابلێت کە بۆ سەرژمێریی گشتی بەکارهاتبوون، دەدرێنە فەرمانگەی تۆماری خانووبەرە (تاپۆ) بۆ دروستکردنی داتابەیسێکی دیجیتاڵی بۆ خاوەن موڵکەکان.