هۆکاری دواکەوتنی ئاشکرا دەکات

وەزارەتی دارایی هەرێم: هیچ کەسێک داوای دواخستنی موچەی هەرێمی لە بەغدا نەکردووە

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت ئەوانەی باسی ئەوەیان کردووە کە سەردانی دوایین وەفدی هەرێم بۆ بەغدا بۆ دواخستنی موچە بووبێت، راست نییە، بەڵکو ئەوەی شاندەکە بۆی چوو بوو تایبەت بووە بە بابەتی گومرگ و باجەوە.

بەپێی روونکردنەوەیەکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، ماوەی چەند رۆژێکە لە بەشێک لە میدیاکان و پەیج و سۆشیال میدیاوە هەڵمەتێکی “چەواشەکاران”ە و دەربڕینی ناڕاست بۆ دوایین سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد دەکەن و هەندێکیان دەڵێن شاندەکە داوای دواخستنی ناردنی موچەی مانگی حوزەیرانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بۆ “بەدرۆخستنەوە”ی ئەو هەڵمەتی “درۆ و ریاکارییە” رایدەگەیەنین، “هەرکەس و لایەن و میدیا و پەیجێک باسی ئەوەی کردبێت راست ناکات و درۆیەکە و شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی پابەندە بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە کە موچەی بەدەرکردووە لە هەموو کێشە و بابەتێکی سیاسی و تەکنیکی”.

ئاسکرای کردووە کە ئەرکی دوایین سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد پەیوەست بووە بەچەند پرسێکەوە لەوانەیە.

–        کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی ئاسیکۆدا.

–        کێشەکانی تایبەت بە باج و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان.

–        کێشەکانی تایبەت بە لێخۆشبوونی گومرگی و پاراستنی بەرهەم و پرسی کوالیتی کۆنترۆڵ.

دارایی باسی لەوەشکردووە، کە هەرچی پەیوەستە بە بابەتی داهاتی ناوخۆ، لە کۆبوونەوەیەکی لاوەکیدا شاندی هەرێم لە گەڵ وەزیری دارایی عێراق لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆیان کردووە و شاندەکە داوای کردووە بەپێی یاسای بودجە و یاسای ئیدارەدانی دارایی مامەڵە لەگەڵ داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکرێت،  واتە لە 50٪ی داهاتە ناوخۆییەکان بدرێتە حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای راپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.

دەشڵێت “بەوپێیەی کە هەمیشە داهات تاوەکو کۆتایی مانگ کۆنابێتەوە، بە شێوەیەکی ئاساییش راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە بەپێی یاسا دەکەوێتە 10 رۆژی مانگی دواترەوە، کە داهات تاوەکو کۆتایی مانگ کۆنەبێتەوە و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەش دەرنەچێت، داهات و خەرجی مانگانە بەردەست نابێت، چۆن دەکرێت بەو بیانووە موچە رابگیرێت و دوابخرێت”.