فالح فەیاز؛ قوربانی زۆرمان داوە

110 بارەگای حەشدی شەعبی بۆردومان کراون

ئەحمەد مستەفا

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی فالح فەییاز، رۆژی پێنجشەممە لە میانەی وتارێکدا لە سێمینارێکی دیالۆگیدا لەژێر ناونیشانی (نەینەوا.. ئێستایەک کە داهاتوو دروست دەکات)، ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان لە ماوەی رابردوودا قوربانیی زۆریان داوە.

بە جۆرێک کە 110 بارەگای جیاوازی سەر بە حەشدی شەعبی رووبەڕووی بۆردومانی راستەوخۆ بوونەتەوە و بەو هۆیەشەوە 100 چەکداریان گیانیان لەدەستداوە.

فەییاز گەشبینیی خۆی بە ئایندەی پارێزگای نەینەوا نیشاندا و جەختی لەوە کردەوە کە ناوچەکە بە خێرایی لە لێکەوتەکانی پێشووی شەڕی داعش چاک دەبێتەوە؛ ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە نەینەوا خاوەنی پێگەیەکی جوگرافیی گرنگە و لە رووی بارودۆخی ئەمنییەوە لە ئێستادا لە شارەکانی بەغدا و بەسرە ئارامتر و سەقامگیرترە.

لە هەمان چوارچێوەدا، فەییاز ڕوونی کردەوە کە میکانیزمەکانی داخستنی تەواوی کەمپەکانی ئاوارەکان کۆتایی هاتووە، بەڵام هەندێک لایەنی بەژەوەندیخواز تۆمەتبار دەکات بەوەی کە بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەستکەوتی تایبەت، رێگری لە قۆستنەوەی ئەم دۆسیەیە و گەڕانەوەی خێزانەکان دەکەن.

لە سەر ئاستی سیاسی، سەرۆکی دەستەکە ئاماژەی بەوە کرد کە سیستمی فەرمانڕوایی عێراق لەسەر بنەمای دیموکراسی و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات دامەزراوە، هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە پەرەسەندنەکانی دوایی لە ناوچەکەدا پێشان دەدەن کە “مەنتیق و بیردۆزی شەڕەکان” لە غەززە، لوبنان و ئێراندا فەشەلی هێناوە و ناتوانێت سەقامگیریی ڕاستەقینە بۆ چوارچێوەی سیاسیی ناوچەکە دەستەبەر بکات.