دوای چەند مانگێک راگرتنی

 ئەمریکا ناردنی دۆلاری کاشی بۆ عێراق دەستپێکردەوە

وریا فەتاح

ئەمریکا جارێکی دیکە دەستیکردەوە بە ناردنی شاحنەی دۆلاری کاش بۆ عێراق، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند مانگێک پرۆسەکەی راگرتبوو بە مەبەستی دروستکردنی فشار لەسەر بەغدا بۆ ئەوەی لە تاران دووربکەوێتەوە.

حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، “ناردنی دۆلار بۆ عێراق دەستیپێکردووەتەوە و کێشەکە چارەسەر کراوە”.

ئیدارەی ترەمپ لە مانگی نیساندا هاتنی دۆلاری بۆ عێراق راگرت (کە پارەی فرۆشی نەوتی خودی عێراقە)، ئامانجیش لێی فشارخستنە سەر بەغدا بوو لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێدا، بۆ ئەوەی رێگری لە کاندیدانی نزیک لە ئێران بکات و گروپە چەکدارەکان کۆنترۆڵ بکات.

بەرپرسیکى عێراقى بە نیۆرک تایمزى راگەیاندووە، هەرچەندە ناردنی دۆلار دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام بڕیاری راگرتنی هاوکاری و داراییەکانی ئەمریکا بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە.

وتوشیەتى کە رێکارە توندەکانی بانکی فیدراڵی ئەمریکا لە نیویۆرک بەردەوامن، کە ئامانج لێیان رێگریکردنە لە سپیکردنەوەی پارە و بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ ئێران و گروپە چەکدارەکان.