کەسوکاری ئەنفالکراوان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران گردبوونەوە
964+
مەریەم ئەحمەد – هەولێر
ژمارەیەك لە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران گردبوونەوە و دوای گردبوونەوەکەش بەڵێنی چارەسەر کردنی کێشەکەیان پێدرا.
ئەمڕۆ دووشەممە 20.3.2023 نزیكەی 100 كەس لە ژن و پیاو لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران گردبونەوە و داوای ئەو بڕەموچەیە دەكەن، كە پێشتر هەیان بوو، بەڵام ئێستا بڕاوە و بڕەکەی 250 هەزار دینارە.
یەکێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان بە 964ی وت، “ئەوە بۆ جاری نۆیەمە ئێمە دێینە هەولێر بۆ داواکردنی مافەکانمان، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێكیان نەداوینەتەوە”.
وتیشی، “ئێمە لە دوێنێوە لێرەین و شەو لێرە خەوتووین، بەڵام هەر بێ ئەنجام بووە، تەنیا یەك واژۆی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كێشەکەمان چارەسەر دەکات”.
بەشداربووانی گردبوونەوەکە، كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانن لە هەڵەبجە و كفری و كەلارەوە هاتوونەتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.
چالاك عومەر، نوێنەری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان رایگەیاند، لە ژوورەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەیان پێدراون و هەر ئەمڕۆ دەتوانن موچەکانیان وەربگرن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی