چی باس دەکا؟

عێراقچی لە تارانەوە گەیشتە بەغدا

ئەحمەد مستەفا

وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق، ئەوەش بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق.

ئەمڕۆ یەکشەممە 28.6.2026، میدیای ئێرانی و عێراقی گەشتەکەی عێراقچییان پشتڕاست کردەوە.

بەگوێرەی میدیای فەرمی ئێران، عراقچی سەرپەرشتی ئامادەکارییەکانی رێورەسمی هێنانی تەرمی عەلی خامنەیی، رابەری کۆچکردووی ئێران دەکات کە بڕیارە رۆژی 8ی مانگی داهاتوو بهێنرێتە هەردوو شاری نەجەف و كەربەلا.

ئەم سەردانەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، ناوچەکە بە گۆڕانکاریی خێرا و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، بۆیە تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی دەبێت.

هاوکات، عێراقچی لەگەڵ سەرکردەکانی بەغدا پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی، دۆسیەی وزە و گواستنەوە تاوتوێ دەکات، بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات لە هەموو ئاستەکاندا.

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، کە دوای واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا، حکومەتی عێراق دەستی کردووە بە هەڵمەتی کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، بەتایبەت ئەو گرووپە چەکدارییانەی کە نزیکی ئێرانن، ئەمەش وەک شکاندنی باڵای ئێران و لەناوبردنی هەژموونی ئێران بەسەر عێراقەوە لێکدەدرێتەوە.