داواکاریان هەیە
بەهۆی بەرزیی شۆستەکانەوە؛ کەمئەندامانی چەمچەماڵ بە ماتۆڕەکانیان ناتوانن بپەڕنەوە
عەزیزعەبدوڵا -چەمچەماڵ
لە قەزای چەمچەماڵ، بەرزیی شۆستە و دورگەی ناوەڕاستی شەقامەکان بووەتە ئاستەنگێکی گەورە بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بە جۆرێک بە ماتۆڕ و پاسکیلە شەحنەکانیان ناتوانن بپەڕنەوە بۆ دیوەکەی تری شەقام.
لەو ڤیدیۆیەی هاوڵاتییەکی کەمئەندامی شارەکە بۆ 964ـی ناردووە، کێشەکە بەڕوونی دەردەکەوێت، کاتێک دەیانەوێت پێچ بکەنەوە یان بپەڕنەوە، بەهۆی بەرزیی شۆستەکەوە ژێری ماتۆڕەکانیان بەر زەوییەکە دەکەوێت و گیر دەخۆن.
ئەم گرفتە وایکردووە، ئەو کەسانە بۆ تەنیا پەڕینەوەیەک، ناچار بن رێگایەکی زۆر دوورتر ببڕن تا دەگەنە یوتێرنێک کە گونجاو بێت بۆ ماتۆڕەکانیان.
لە رێگەی 964ـەوە، کەمئەندامانی چەمچەماڵ داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و شارەوانیی قەزاکە دەکەن کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن، ئەویش لە رێگەی تەختکردن و نەهێشتنی بەرزیی یوتێرنێکی ناو شەقامەکە، بۆ ئەوەی بە ئاسانی و بێ ئەوەی زیان بە ماتۆڕەکانیان بگات، هاتوچۆی تێدا بکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح