قۆناغی چەککردنی حزبوڵا بەڕێوەیە

لوبنان و ئیسرائیل بە سەرپەرشتی ئەمریکا رێکەوتنیان واژۆ کرد

فەرهاد حەسەن

لوبنان، ئیسرائیل و ئەمریکا رایانگەیاند، گەیشتونەتە رێکەوتنێکی چوارچێوەی سێ قۆڵی لە واشنتن دی سی، ئەوەش دوای ئەو دانوستانانەی کە ئەمریکا میوانداری کردبوو، پاشان ڕێوڕەسمی واژۆکردنی رێکەوتنی چوارچێوەی هاوبەشی نێوان لوبنان و ئیسرائیل دەستیپێکرد.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، “گەلی لوبنان شایەنی ئەوەن لە ئاسایش و ئاشتیدا بژین، رێکەوتنەکە سەرەتایەکی زۆر باشە”، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە “هێشتا رێگەیەکی دوور و درێژ ماوە بۆ لوبنان و ئیسرائیل”.

نادا حەمەدە، باڵیۆزی لوبنان لە واشنتن، رێکەوتنی چوارچێوەی بە “هەنگاوێکی یەکەم لەسەر رێگای گەڕاندنەوەی سەروەری لوبنان” وەسف کرد.

لایخۆشییەوە، یەحیل لایتەر باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتن رایگەیاند، ئێران و بریکارەکانی دەیانویست لە رێڕەوی رێکەوتنەکە دەریان بهێنن”، ئێران و حزبوڵاوی لوبنان ئێستا لە یارییەکە دەرچوون”.

پێشتر کەناڵی 12ی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکرێت لە رێکەوتنەکەدا ئەوە دیاری بکرێت کە ئیسرائیل لە ناوچەی هێڵی زەرد دا بمێنێتەوە تا ئەوکاتەی حزبوڵا چەک داماڵێت و دەوڵەتی لوبنان بتوانێت بەرپرسیارێتی تەواوی ئەمنی لە ئەستۆ بگرێت.