"ناتوانین چاکەیان بدەینەوە"
بەدڵێکی پڕەوە سوپاسی ئەو کەسانە دەکات بەدوای برازاکەیدا وێڵن
میلاد جەلال – گەرمیان
مامی ئەو گەنجەی چوار رۆژە کەوتووەتە ناو رووباری سیروان، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکات کە چوار رۆژە بەدوای برازاکەیدا وێڵن و دەڵێت، “ناتوانین چاکەیان بدەینەوە”.
خالد ئەحمەد هێند گەڕاوە بەدوای برازکەیدا شەکەت و ماندوو لەسەر رووباری سیروان دانیشتووە و قسەی بۆ مایکی 964 کردووە، ئەو دەڵێت، “باسی چاکەی ئەو خەڵکە ناکرێ، ئەوەندە هەستی مرۆڤدۆستی و ئینسانیەتیان نواندووە، ناتوانین چاکەیان بدەینەوە”.
“تیمەکانی بەرگری شارستانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش هەموو هەوڵێکیان خستووەتەگەڕ و قسوریان نەکردووە”، خالد ئەحمەد وادەڵێت.
چوار رۆژە گەنجێک بەناوی ئەحمەد لوقمان، تەمەن 26 ساڵ لەکاتی راوەماسیدا لە ئاوی رووباری سیرواندا خنکاوە و تا ئێستاش هیچ سۆراغێکی نییە، ئەحمەد خێزاندارە و کچێکی تەمەن سێ ساڵی لەدوای خۆی جێهێشتووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری