میترۆی نیویۆرک؛ شادەماری شارێک کە هەرگیز ناخەوێت
964+
ژووری هەواڵ
نیویۆرک، ئەو شارەی نازانێت خەوتن چییە، دڵە قەرەباڵغ و جەنجاڵەکەی بەهۆی چەند شادەمارییەکەوە لە لێدان ناکەوێت کە پێی دەڵێن “میترۆی نیویۆرک”؛ ئاڵۆزترین و گەورەترین تۆڕی گواستنەوەی ژێر زەوی لە جیهاندا.
مێژوویەکی 122 ساڵە، لە ساڵی 1904، کاتێک زۆربەی وڵاتانی جیهان تەنانەت ئۆتۆمبێلیشیان پێ نەگەیشتبوو، لە نیویۆرک بە کەرەستەی سادەی ئەو سەردەمە هێڵێکی 14کیلۆمەتری لە ژێر زەوی دروستکرا، ئەم پڕۆژەیە تەنها هێڵێکی گواستنەوە نەبوو، بەڵکو نیویۆرکی کردە پایتەختی ئابووری جیهان.
ژمارە پێوانەیییەکانی میترۆکە:
وێستگەکان: خاوەنی 472 وێستگەیە (زۆرترین ژمارە لە جیهاندا).
درێژی هێڵەکان: پێکەوە دەگەنە 1000 کیلۆمەتر.
بەکارهێنەرانی رۆژانە: ڕۆژانە زیاتر لە 3.7 ملیۆن کەس بەکاری دەهێنن، لەم رۆژانەشدا کە یارییەکانی مۆندیالە، ژمارەکە دەگاتە 5 ملیۆن کەس لە رۆژێکدا.
گواستنەوەی ساڵانە: ساڵانە زیاتر لە 1.3 ملیار کەس دەگوازێتەوە
کارکردنی 24 کاتژمێری و کێشەی دارایی
ئەم میترۆیە بۆ یەک چرکەش راناوەستێت و 7 رۆژی هەفتە 24 کاتژمێر کاردەکات. لە سەرەتای کرانەوەیدا بلیتی تەنها 5 سەنت بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی هەبوونی 70 هەزار کارمەند و خانەنشین لەگەڵ تێچووی کارەبا، هەر سەرنشینێک 6.6 دۆلار لەسەر حکومەت دەکەوێت، لە کاتێکدا تیکتەکەی بە نزیکەی 3 دۆلار دەفرۆشرێت؛ بۆیە هەمیشە لە زەرەردایە و جیاوازییەکە لە باجی هاوڵاتیان پڕ دەکرێتەوە.
لە ئەیلولی 2015 ، ڤیدیۆیەکی 14 چرکەیی مشکێک بڵاوبووەوە کە پارچە پیتزایەکی گەورەی بە قادرمەکاندا رادەکێشا، ئەم ڤیدیۆیە هێندە دەنگی دایەوە، ئێستا خەڵکی نیویۆرک دەڵێن “ئەم مشکە گوزارشت لە ژیانی ئێمە دەکات، کە هەموان رۆژانە لە پێناو پارچەیەک ناندا رادەکەین.
میترۆکە تەنها هۆکاری گواستنەوە نییە، بەڵکو مۆزەخانەیەکی زیندووی جاز و سەمای سەرشەقام و فرەکولتورییە. بەڵام لە لایەکی ترەوە، بەهۆی کۆنی سیستەمەکەوە، لە کاتی بارانباریندا ئەگەر پۆمپەکانی ئاو کار نەکەن، مەترسی لافاو و پەککەوتنی تەواوی تۆڕەکە دروست دەبێت.
میترۆی نیویۆرک بە هەموو کێشە و جوانییەکانیەوە، شادەماری رستەقینەی ژیانە لە شارێکدا کە هەرگیز خەو ناچێتە چاوەکانی.