وەزیری جەنگی ئەمریکا بۆ ئێران: یان مێزی گفتوگۆ یان رووبەڕووبوونەوەی توڕەیی سوپای ئەمریکا

964+

پەری ساڵح

وەزیری جەنگی ئەمریکا، پەیامێکی توند و راستەوخۆ ئاراستەی ئێران دەکات و رایدەگەیەنێت کە دەبێت ئێران رێگای راست هەڵبژێرێت یان رووبەڕووبوونەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکا.

ڤیدیۆیەکی پێت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کاتێکدا قسە بۆ سەربازەکانی دەکات بڵاوبووەتەوە و تێیدا دەڵێت، کاتێک سوپای ئەمریکا ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات، نەیارەکان ناچار دەکات پاشەکشە بکەن، ئەمەش کۆمەڵێک بژاردەی فراوان دەخاتە بەردەم سەرۆک ترەمپ بۆ بڕیاردان.

وەزیر بە گێڕانەوەی رووداوێکی ناو کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت، پەردەی لەسەر هەڕەشەیەکی راستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا لادا و وتی، دوو رۆژ لەمەوبەر لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتدا کە من لە تەنیشتی دانیشتبووم، سەرۆک ترەمپ سەیری کامێراکانی کرد و وتی: ئێران دەتوانێت یان بە رێگای راستدا بڕوات و لە رێگەی مێزی گفتوگۆوە رێککەوتن بکات، یان دەبێت رووبەڕووی ئەو کەسە ببێتەوە کە لەلای چەپم دانیشتووە (کە مەبەستی من بوو).

لە کۆتاییدا دەڵێت، مەبەستی سەرۆک تەنیا من نیم، بەڵکو مەبەستەکە ئێوەن! پرسیارە راستەقینەکە ئەوەیە کە ئێوە تا چەند ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوە.