نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش چاوەڕێی پارەی حکومەت دەکات
964+
عەمارعهزیز – دهۆک
نەخۆشخانە تاقانەکەی فریاکەوتنی قەزای بەردەڕەش زیاتر نزیکەی هەشت مانگە تەواو بووە، بەڵام هێشتا پێداویستییەکانی بۆ دابین نەکراوە، تەندروستیی دهۆکیش دەڵێت، بەم نزیکانە ملیارێک و600 ملیون دینار بۆ پێداویستییەکانی دابین دەکرێت.
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک لە 5.9.2021 بەردی بناغە بۆی دانرا، ماوەی پرۆژەکە 300 رۆژ بوو.
دکتور ئەفراسیاب موسا، بەرێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک بە تۆڕی 964ی وت، “لە رووی باڵهخانهوه دەمێکە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی قەزای بەردەڕەش تەواو بووە، بەڵام هێشتا پێداویستییه تەندروستییهكانی بۆ دابین نەکراوە، ئێمە نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ دابینکردنی بڕی ملیارێک و 600 ملیون دینار، تا پێداویستیی تەندروستی بۆ نەخۆشخانەکە دابین بکرێت، نووسراوەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانە و بەم نزیکانه ئاراستەی وەزارەتی دارایی دەکرێت بۆ خەرجکردنی بڕە پارەكە”.
وتیشی، “بە کردنەوەی نەخۆشخانەکە، چیتر خەڵکی ئەو قەزایە بۆ حاڵەتەکانی فریاکەوتن و بەشێک لە نەشتەرگەرییەکان سەردانی ئاکرێ و شارەکانی دیكه ناکەن، هەر لە قەزایەکەی خۆیان چارەسەری پێویست وەردەگرن”.
تۆڕی 964 دهزانێت، نەخۆشخانەکە لە چەند بەشێک پێکهاتووە، وەک سۆنار، تیشک و ژووی نەشتەرگەری، ئەمە دەبێتە یەکەمین نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە قەزای بەردەڕەش، هاوڵاتیانی سەنتەری قەزا و هەرسێ ناحیە کەڵەک، دارەتوو، رۆڤیا لەگەڵ گوندەکانی قەزایەکە سوودی لێوهردهگرن.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵڵا