26 ساڵ لەمەوبەر وێنەی یادگارییان گرتووە
پوتین لە پەکین چاوی بە منداڵەکەی ساڵی 2000 کەوتەوە
هەژان هادی
سەرۆکی رووسیا لە سەردانەکەیدا بۆ پەکین، چاوی بەو منداڵە کەوت کە 26 ساڵ لەمەوبەر لەیەکەم سەردانیدا بۆ چین وێنەی لەگەڵ گرت.
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا لە ماوەی سەردانە دوو رۆژییەکەیدا بۆ چین، ئەمڕۆ چاوی بەو کەسە کەوت کە 26 ساڵ لەمەوبەر لە یەکەم سەردانیدا بۆ چین، وێنەی یادگاری لەگەڵ گرتووە.
پێنگ پای، ئەو پیاوە چینییەیە کە لە تەمەنی 10 ساڵیدا وێنەی لەگەڵ پوتین گرتووە، دواتر بۆ تەواوکردنی خوێندن چووەتە مۆسکۆ و لە زانکۆیەکی ئەو شارە کۆلێژی ئەندازیاری تەواو کردووە و ئێستا لە کۆمپانیایەکی گەورەی چینی کار دەکات.
پوتین لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ پێنگ واژۆی وێنەکەی کرد و پێی وت، خۆشحاڵم کە لە پایتەختەکەمان خوێندنت تەواو کردووە، هیوادارم کاتەکەت لە مۆسکۆ بەخۆشی بەڕێکردبێ.