کەمترین باسیان لەسەر ئێران بووە

لە پشت دەرگا داخراوەکانی ترەمپ و سەرۆکی چینەوە چی روویدا؟

ژووری هەواڵ

هەموو جیهان چاوی لە سەردانەکەی ترەمپ بوو بۆ چین، چونکە وا مەزەندە دەکرا قسەی ئەو دوو وڵاتە زلهێزە لە بارەی ئێرانەوە لایەک بە لایەکدا بخات، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەو دەڕۆن، کە هەردوو وڵات کەمترین قسەیان بۆ ئێران هەبووە و چاوەکان هەمووی لەسەر تایوان بوون.

دورگەی تایوان چەند ساڵێکە بابەتی گەرم و جێ مشتومڕی ئەمەریکا و چینە، چین بە بەشێک لە خاکەکەی خۆی دەزانێت و ئەمەریکاش لە رووی سەرمایە و تەکنەلۆژیاوە دەستی لێی گیر بووە و هەمیشە وەک چەکێک دژی چین بەکاری هێناوە.

گۆڤاری تایم هەندێ زانیاری وردی لە بارەی ئەو سەردانەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت قسەی زۆری لەبارەوە کراوە، چین هەڵوێستەکەی نەگۆڕ بووە و ترەمپیش زیاتر خۆی لە بابەتەکە لاداوە.

گۆڤارەکە نوسیویەتی: ”لە یەکەم دانیشتنی پشت دەرگا داخراوەکانی سەردانەکەدا، سەرۆکی چین، شی جین پینگ، سەرزەنشتێکی توندی ئەمریکای کردووە سەبارەت بە فرۆشتنی چەک بە تایوان، بەڵام ترەمپ کە لەسەر ئەم بابەتانە ئاسان دەتەقێتەوە بێدەنگ بووە و هیچی نەوتووە”.

ترەمپ بەوە ناسراوە کە ئاسان ئەم جۆرە قسانە لە سەرۆکی وڵاتان قبوڵ ناکات، بەڵام بۆ سەرۆکی چین ئەو کاردانەوەیەی نەنواندووە.

بەپێی لێکدانەوەی گۆڤارەکە فشارەکانی ئەمەریکا کارێکی ئەوتۆی لە چین نەکردووە، نە بە گومرگ و نە رێگرتن لە تەکنەلۆژیا و نە بەگرتنەوەی نەوتەکە.

شتێکی تر کە گۆڤارەکە چاوی خستووەتە سەر ئەوەیە ترەمپ لەم سەدانەدا کەمترین پۆستی لەسەر تروس سۆشیال هەبووە و خۆی لەوە لاداوە بکەوێتە ململانێ لەگەڵ چین.

ترەمپ لەم سەردانە دەستکەوتی دارایی هەبووە، چین بەڵێنی پێداوە 200 فڕۆکەی بۆینگ بکڕێت لەگەڵ بایی ملیارێک دۆلار بەرهەمی کشتوکاڵی ئەمەریکا.

لە بەرامبەریشدا ئەمەریکا رازی بووە چیپە پێشکەوتووەکانی ئنڤیدیا بداتە چین و گرێبەستی چەکەکەی بۆ تایوان رابگرێت.