دوێنێ شەو چی روویدا؟
متمانە بە حکومەتی نوێی عێراق و دۆزینەوەی تەرمی ئادەم؛ گرنگترینەکانی شەوی رابردوو
ژێوار خدر
شەوی رابردوو پەرلەمانی عێراق نیوەی زیاتری کابینەکەی عەلی زەیدی تێپەڕاند و موستەفا سەنەد بووە وەزیر، لەلایەکی دیکەشەوە تەرمی ئادەم خورشیدی سێ ساڵان دوای 13 رۆژ دۆزرایەوە؛ لێرەدا پوختەی هەواڵە گرنگەکانی شەوی رابردوو لە عێراق، هەرێم و جیهان دەخوێننەوە.
پەرلەمانی عێراق متمانەی بە 14 وەزیری کابینەکەی عەلی زەیدی بەخشی کە تەمەنی تەنیا 40 ساڵە، بەڵام نۆ وەزارەت بە بەتاڵی مانەوە و یەکلاییکردنەوەیان کەوتە دوای جەژنی قوربان. یەکێک لە دیارترین وەزیرەکان موستەفا سەنەد بوو کە پۆستی وەزارەتی گەیاندنی وەرگرت، سەنەد بەوە ناسراوە لە دادگای فیدراڵی چەندین داوای یاسایی لە دژی هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە. لەم کابینەیەدا سێ کورد پۆستەکانیان وەرگرت؛ فوئاد حوسێن بۆ وەزارەتی دەرەوە، خالید شوانی بۆ داد و سروە عەبدولواحید بۆ ژینگە، گەنجترین وەزیریش عەلی سەعدی تەمەن 40 ساڵە لە کارەبا. نوێنەری ئەمریکاش گەشبینی خۆی بۆ ئەم حکومەتە نوێیە نیشاندا.
لەلایەکی دیکەوە، دوای 13 رۆژ گەڕان، تەرمی ئادەم خورشیدی تەمەن 3 ساڵان لە نزیک گوندی ئەستریان دۆزرایەوە. هاوکات وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هۆشداری توندی داوەتە بەرپرسان و هاوڵاتییان کە چیتر چاوپۆشی لە زیادەڕۆیی ناکەن. لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، دۆناڵد ترەمپ لە پەکینەوە هەڕەشەی لە ئێران کرد و وتی “زۆر بەرامبەریان دانبەخۆداگر نابم”، چینیش داوای ئاگربەستی هەمیشەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد. هەر شەوی رابردووش فەرەنسا دڵنیایی دا کە 26 کەس کە گومانی ڤایرۆسی “هانتا”یان لێدەکرا، ئەنجامی پشکنینەکانیان نەرێنی دەرچووە.