نوێترین وێنەی حەجاج ئەحمەد حەردان جەلادەکەی نوگرە سەلمان – وێنە؛ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق
دووەم دانیشتنە
ئەمڕۆ حەجاج “جەلادەکەى نوگرە سەلمان” دادگایى دەکرێت
وریا فەتاح
ئەمڕۆ لە دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغداد/ رەسافە، دووەمین دانیشتنی دادگاییکردنی (حەجاج ئەحمەد حەردان عوبێدی)، بەرپرسی زیندانی نوگرە سەلمان بەڕێوەدەچێت.
رۆژى 7.5.2026، یەکەمین دادگایى کردنى حەجاجى نوگرە سەلمان بەڕێوەچوو، بەڵام دواتر دانیشتنى دووەم بۆ 14.5.2026 دواخرا و دووەمین دانیشتنى دادگا لەمڕۆدا بەڕێوە دەچێت.
حەجاج، کە بە “جەلادەکەی نوگرە سەلمان” ناسراوە، تۆمەتبارە بە شەهیدکردنی دەیان منداڵ، ژن، گەنج و پیری کورد لەو زیندانەدا کە یەکێک بووە لە خوێناویترین قەڵاکانی سەردەمی رژێمی بەعسی رووخاو.
تا ئێستا 300 سکاڵای لە لایەن کەسوکاری قوربانیانەوە لە چەمچەماڵ، گەرمیان و هەڵەبجە لەسەر تۆمارکراوە. هەر دوای دەستگیرکردنیشی، لە مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکەی سلێمانی، مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ و ئیدارەی گەرمیان، دەستکرا بە تۆمارکردنی سکاڵای نوێ، کە زۆربەیان باس لە هەڵسوکەوتی دڕندانەی حەجاج و لێدان و ئەشکەنجەدانی زیندانییان دەکەن.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق پێشتر رایگەیاندبوو کە دوای زیاتر لە شەش مانگ بەدواداچوون، توانیویانە حەجاج لە پارێزگای موسەننا دەستگیر بکەن و نوێترین وێنەی بڵاوبکەنەوە.
حەجاج بۆ ماوەی 37 ساڵ بە شێوەیەکی شاراوە و دوور لە چاوی خەڵک مابووەوە، تەنانەت بۆ چەواشەکردنی دادپەروەری، لە رێگەی بنەماڵەکەیەوە هەواڵی مردنی خۆی بڵاوکردبووەوە.
فەزیلە حسێن، یەکێک لە رزگاربووانی زیندانی نوگرە سەلمان کە لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا لەگەڵ هەزاران کوردی دیکەدا دەستگیرکرابوو و دواتر لە ساڵی 1990 بە لێبوردنی گشتی ئازاد کرا، یەکەمین کەس بوو کە سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو تاوانبارە تۆمارکرد.
فەزیلە کە وردەکارییە تاڵەکانی ئەو کارەساتە دەگێڕێتەوە، لە لێدوانێکی پێشوویدا بۆ رۆژنامەی (سەباح) جەختی لەوە کردبووەوە کە بەدەستهێنانی دادپەروەری مافێکی رەوای قوربانییەکانە و نابێت رۆڵی رزگاربووان لە هیچ پرۆسەیەکی دادگاییکردندا پەراوێز بخرێت.
ئەو ژنە رزگاربووە بە ئازارەوە دان بەوەدا دەنێت کە هێشتا روخساری ئەو جەلادانەی لەبیر نەکردووە کە سەرپەرشتی ترسناکترین جۆرەکانی ئەشکەنجە و برسێتییان کردووە لە زیندانەکەدا، کە بەشێکیان تاوەکو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە یان بۆ دەرەوەی وڵات هەڵاتوون، بەڵام ئەمڕۆ دواجار یەکێک لە گەورەترین جەلادەکان (حەجاج) روبەڕووی دادگاییکردن و شایەتی قوربانییەکانی دەبێتەوە.