دیمەنی رووداوی بارهەڵگرەکەی کەرکوک 25.4.2026 فۆتۆ: 964
25 کەس بریندارن
بریندارێکی دیکەی رووداوە هاتوچۆکەی کەرکوک گیانی لەدەستدا
کاروان ساڵحی – کەرکوک
یەکێکی دیکە لە برینداربووەکانی رووداوە هاتوچۆکەی 25ی مانگی رابردووی بەردەم سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک دوای مانەوەی بۆ ماوەی 18 رۆژ، ئەمڕۆ چوارشەممە گیانی لەدەستدا.
کۆی گشتی تاوەکو ئێستا هەشت کەس گیان لەدەستداوە و 25 دیکەش بریندارن و لە چارەسەریدان یان گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان.
سامان یابە بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە964ـی وت، بریندارێکی رووداوە هاتوچۆکە بەناوی موڕاد مەولود تەمەن 43 ساڵ دانیشتووی گەڕەکی باروتخانەی شاری کەرکوک پیشەی کاسبە و خێزاندارە و باوکی سێ منداڵ بوو، ئەمڕۆ دوای مانەوەی بۆ 18 رۆژ لە چاودێری چڕی پزیشکی گیانی لەدەستدا.
مەلا سۆران کەرکوکی بە 964ـی وت، لە کەمپینێکی دوو رۆژی بۆ زیانلێکەووان تواندرا بڕی 162ملیۆن و 660 هەزار کۆبکرێتەوە، دوای پێکهێنانی لیژنەیەک لە فیتەر و تەنەکەنچی و بۆیاخچی بۆ خەمڵاندنی بڕی پارەی تێچوی چاکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان دیاری کراوە.
وە تواندرا ئەو بڕە پارەیە دابەشبکرێت بەسەریان بەپێی زەرەرمەندی ئۆتۆمبێلەکە، کە کۆێ گشتی 40 ئۆتۆمبێل زیانی بەرکەوتبوو، لەو رێژەیە 25 ئۆتۆمبێلی جارێکی دیکە چاکناکرێتەوە و نایەتەوە سەرشەقام.
ئێوارەی دوێنی سێشەممە، رێبوار تەها جێگری پارێزگاری کەرکوک لەو گۆڕەپانەی ئۆتۆمبێلە تێکشکاوەکانی رووداوە هاتوچۆکەی لێ کۆکراوەتەوە، ئەو بڕە پارەیی کە کۆکرابوو لە کەمپینێک بۆ زیانلێکەوتوانی رووداوەکە دابەشی سەر خاوەن ئۆتۆمبێلەکانی کرد.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا