دادی عێراق و خاچی سوور کۆبوونەوە

چی بکرێت بۆ ئەو زیندانیانەی لە سووریاوە هێنراونەتە عێراق؟

فەرهاد حەسەن

پرسی ئەو زیندانیانەی کە ماوەیەک لەمەوبەر لە سووریاوە گواسترانەوە عێراق بووە بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەیەکی نێوان وەزیری داد و سەرۆکی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و دۆخەکەیان تووتوێ کرا.

ئەمڕۆ دووشەممە، خالید شوانی وەزیری داد، لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، میریانا سپۆلیاریچ ئیگەر، کۆبوونەوە و لە راگەیەندراوێکی وەزارەت، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردووەتەوە، تاوتوێی رێگاکانی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەشیان سەبارەت بەو زیندانییە بیانیانەی کردووە، کە لە سووریاوە بۆ عێراق گواستراونەتەوە.

لە کۆبوونەوەکە، میکانیزمەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسە بەپێی چوارچێوە یاساییە پەسەندکراوەکان خراونەتەڕوو و گفتوگۆیان لەسەر دابینکردنی پشتگیری پێویست کردووە، کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ دۆسیەی ئەو زیندانیانە بکرێت.

وەزیری داد جەختی لەسەر گرنگی بەهێزکردنی هاوکاری نێودەوڵەتی و هەماهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندیدارن بۆ هاندانیان تاوەکو هاوڵاتیانی خۆیان کە لە زیندانە چاکسازییەکاندا راگیراون وەربگرنەوە و بیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان بەپێی ئەو رێکەوتنانەی لەگەڵ لایەنی عێراقی واژۆ دەکرێن، بەو شێوەیەی کە لەگەڵ پابەندبوونە یاسایی و مرۆییەکاندا دەگونجێت.

لای خۆیەوە، سەرۆکی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، ئامادەیی رێکخراوەکەی نیشاندا بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی پەیوەندیکردن لەگەڵ وڵاتە پەیوەندیدارەکان، و بەشداریکردن لە ئاسانکاری رێکارەکانی گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ وڵاتەکانیان، جگە لە بەردەوامبوونی هاوکارییەکان لەگەڵ وەزارەتی داد لە رووە مرۆیی و چاکسازییەکاندا.