سەرۆکی رەوتی سەدر موقتەدا سەدر
ئەفسەرەکانیشی سێ مانگ بەڕۆژوو دەبن
موقتەدا سەدر هەڕەشەی مانگرتن لە خواردن دەکات
ژووری هەواڵ
رێبەری رەوتی سەدر دەڵێت، ئەگەر لە ماوەی 15 رۆژدا دۆخی بژێوی سەربازەکانی “سەرایا سەلام” باشتر نەکرێت، ئەوا مان لە خواردن دەگرێت.
نووسینگەی رێبەتی رەوتی سەدر لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، دوای بینینی راپۆرتی بژێوی و خواردن تایبەت بە هێزەکانی “سەرایا سەلام”، موقتەدا سەدر کۆمەڵێک بڕیار و رێنمایی دەرکردووە کە دیارترینیان، بڕیاری مانگرتنە لە خواردن ئەگەر تا 15 رۆژی دیکە بژێوی ژیانی سەربازەکانی باشتر نەکرێت.
سەدر بەرپرسی بژێوی و بەرپرسەکانی دیکەی هێزەکانی سەرایا سەلام بانگهێشت دەکات و لەرێگەی لیژنەیەکەوە لێکۆڵینەوە لە خراپی بەڕێوەبردن و سووکایەتیکردن بە سەربازەکانی ئەو هێزە دەکات.
نووسینگەی سەدر راشیگەیاندووە، دەبێت بنکەکان و کۆگاکانی خواردن پاک بکرێنەوە و ئامادە بکرێن و لانیکەم لەماوەی سێ رۆژدا خۆراکی وشکە ئامادە بکەن و بیگەننە دەستی سەربازەکان و داوای لێبوردنیشیان لێبکەن بەرامبەر ئەو کەمتەرخەمییەی کراوە.
سەدر رێنمایی بەرپرس و ئەفسەرەکانیشی دەکات تا رۆژی کۆچی دوایی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئابی 2026 بەڕۆژووبن.
ئەم هەنگاوانە درێژکراوەی زنجیرەیەک بڕیارن کە لە 25ی نیسانی رابردووەوە دەستیان پێکردووە، کاتێک سەدر فەرمانی کرد بە کشانەوەی هەموو جۆرە چەکێک لە پێکهاتەکان لە کەربەلا و گۆڕینی فەرماندەکانیان؛ ئەمەش دوای ئەو پێکدادانانەی لە ناوچەی “حور” روویاندا و بوونەهۆی کوژران و برینداربوونی دوو کەس لە گرووپی “ئەزهەرییەکان” کە لە رەوتەکە جیابوونەتەوە.