"لە 27 ساڵی رابردوودا بارانی وەک ئەمساڵ نەباریوە"

لە گوندی ئاکۆیان هەر شوێنێک دەڕوانی کانیاوە هەڵدەقوڵێ و هاژەی دێ

964+

ئاکام غەفور – سۆران

بارانەکەی ئەمساڵ کەم وێنەیە و کارێکی کردووە لە گوندی ئاکۆیان لەناو ماڵ و سەر رێگای گشتی، هەر شوێنێک دەڕوانی کانیاوە هەڵدەقوڵێ و دڵی هاوڵاتیانی ناوچەکەی خۆش کردووە.

کانیاوەکان لەگەل بارانبارینی دوێنێ شەو دەرکەوتوون و نیشانەی باران بارینی زۆرن لە ناوچەکە، بەهەموویان رووبارێک ئاویان لەبەر دەڕوات.

ئاراز حەسەن، یەکێکە لەو کەسانەی کانیاو لە حەوشەکەی ماڵەکەیەتی، ئەو دەڵێت، “دڵخۆشین بە دەرکەوتنی ئەو کانیاوانە، ئەمە لە باو و باپیرانەوە بۆمان ماوەتەوە و هەر ساڵێک باران زۆربێت بەم شێوەیە دەبوژێنەوە”.

وەک باسی دەکات، منداڵەکانی لە بەیانیەوە هەر لەناو ئاوی ئەو کانیاوە یاری دەکەن کە لە ناو حەوشەی ماڵەکەیانە.

جگە لەوەش، لەسەر رێگای گشتی گوندەکانیش، لە پێنج شوێن کانیاو بوژاونەتەوە و لە ژێر قیرەکە ئاو هەڵدەقوڵێت.

بەپێی ئاماری کەشناسی رواندز ئەمساڵ تائێستا زیاتر لە 1000 ملم باران لەو دەڤەرە باریوە و یەکەمجارە لە 27 ساڵی رابردوو ئەو رێژە بارانە ببارێت لە سنورەکە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

لە سۆران کانیاوێک

لە سۆران کانیاوێک "تەقی"؛ دنیادیدەیەک دەڵێت نزیکەى 50 ساڵە شتى وام نەیدوە