پەڕلەمان بۆی کۆدەبێتەوە

نەتوانراوە لە شەڕی داعشەوە سەربازی زۆرەملێ بکرێ بەیاسا

964+
ئەحمەد مستەفا

بەپێی کارنامەکەی، ئەمڕۆ یەكشەممە 19.4.2026 پەڕلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازە یاسایەك دەكات بە ناوی “خزمەتی ئاڵا” كە تایبەتە بە سەربازی زۆرەملێ، دەنگوباسی ئەم سەربازی زۆرە ملێیە لە شەڕی داعشەوە هەیە بەڵام، تائێستا نەکراوە بە یاسا.

لەم خولەی ئەنجومەنەکە، هەیبەن حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان پشتیوانی ئەم پرۆژەیە دەكات و وەكو خۆی دەڵێ، جگە لە بەهێزكردنی سوپا، بۆ چارەسەری بێكارییە لە عێراق، بەڵام کەمیش نین ئەو کوتلە و پەڕلەمانتارانەی لەگەڵ پڕۆژەکە نین.

پڕۆژەکە چی تێدایە؟

ئەم پرۆژەیە لە 66 ماددە پێكهاتووە كە دابەشكراوە بەسەر 13 بەش دا.
بەپێی ئەوەی لە پێشنیازە یاساكەدا هاتووە دیارترین بەندەكانی تایبەت بە سەربازی زۆرەملێ ئەمانەن:
خزمەتی زۆرەملێ لەوكاتەوە دەستپێدەکات کە هاوڵاتی تەمەنی دەگاتە تەمەنی 19 ساڵ.
كاتێك تەمەنی هاوڵاتی دەگاتە 18 ساڵ بە “بانگهێشتكراو” ئەژمار دەكرێت، ئەمە لەپاڵ ئەگەری بانگهێشتی ئەم توێژە بۆ سەربازیی زۆرەملێ لەحاڵی بارودۆخی نائاسایی و شەڕدا بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران.
خزمەتی سەربازیی لە تەمەنی 45 ساڵیدا كۆتایی دێت، ئەمە لەپاڵ ئەگەری بانگهێشتی یەدەگ تا تەمەنی 50 ساڵی، لە بارودۆخی تایبەتدا.
لەلایەنی داراییەوە، بەپێی یاساكە “سەرۆكی خێزان” موچەی سەربازی خۆبەخشی پێدەدرێت لە ماوەی خزمەتەكەیدا، فەرمانبەرانی دەوڵەت بەردەوام دەبن لە وەرگرتنی موچەكانیان لە فەرمانگە سەرەكییەكانیان، هەروەها یاساكە رێگە دەدات لە پارەدان لەبری خزمەتی سەربازی، بڕی ئەم پارەیەش لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دیاری دەكرێت.

ماوەی خزمەتی سەربازی زۆرەملێ بەگوێرەی ئاستی خوێندن بەمشێوەیە دابەشكراوە:

18 مانگ بۆ ئەوانەی بڕوانامەی ناوەندییان نییە.
12 مانگ بۆ دەرچووانی ئامادەیی.
9 مانگ بۆ دەرچووانی كۆلیژ.
6 مانگ بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر.
3 مانگ بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دكتۆرا.
دەستكەوتەكانی سەربازی زۆرەملێ
یاساكە هەندێك ئیمتیازی داوانە بۆ ئەوانەی بە سەربازی زۆرەملێ رادەستپێردرێن، لە دیارترینیان:
ئەژماركردنی ماوەی خزمەتی سەربازیی بۆ مەبەستی خانەنشینی و پلەبەرزكردنەوە.
ئەوانەی خزمەتی سەربازی تەواو دەكەن لە دامەزراندندا ئەولەویەتیان پێدەدرێت.
لایەنە حكومی و تایبەتەكان پابەند دەكرێن پارێزگاری لە ئەركی ئەو كەسانە بكەن كە بە سەربازی زۆرەملێ رادەسپێردرێن.

سزاكان كامانەن؟

لەبەرامبەر دەستكەوتەكان، یاسای سەربازی زۆرەملێ لە عێراق ئەم سزایانەش دیاریكردووە بۆ ئەوانەی سەرپێچی دەكەن:
سزا تا بڕی 1 ملیۆن دینار بۆ ئەوانەی سەرپێچی پشكنین دەكەن.
سزای بەندكردن تا ماوەی 1 ساڵ لە حاڵی پەیوەندی نەكردن بە سەربازییەوە.
سزای 3 ساڵ بەندكردن بۆ ئەوانەی كە گەیشتووەتە تەمەنی سەربازی و خزمەتی سەربازییان نەكردووە.

ئەم پڕۆژەیاسایە لە خولەکانی پێشووی پەرلەمانیشدا چەندین جار وروژێنراوە، بەڵام هەموو جارێک بەهۆی ناڕەزایەتییە توندەکانی شەقامی عێراقی و ترسی خەڵک لە لێکەوتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی، پاشەکشەی لێ کراوە.

ئێستاش کە جارێکی دیکە ئەم بابەتە هێنراوەتەوە پێشەوە، دابەشبوونێکی گەورە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا دروست بووە، لایەنێک وەک ئامرازێک بۆ بنیاتنانی شوناسی نەتەوەیی سەیری دەکات و لایەنەکەی دیكەیش وەک هەنگاوێکی نادەستووری و جێبەجێنەکراو لە قەڵەمی دەدات.

لە شەڕی داعش و ساڵانی 2013 و 2014 ئەم پێشنیارە هەیە. دواینجار رۆژی 12.11.2022، بوو پڕۆژەیاسای سەربازی زۆرەملێ لە عێراق كاردانەوەی لێكەوتەوە، ژمارەیەك ھاووڵاتی لە بەغدا رژانە سەر شەقامەكان و ناڕەزایی دژی ئەم پڕۆژە یاسایە دەربڕی و رەتیان کردەوە كە لە خزمەتی گەنجاندابێت.

لە جەنگەکە؛ قەتەڕ و عێراق زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە

لە جەنگەکە؛ قەتەڕ و عێراق زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە

بۆ یەكەمجار خوێندنی پارامێدیکی سەربازی لە عێراق و كورد...

بۆ یەكەمجار خوێندنی پارامێدیکی سەربازی لە عێراق و كوردستان دەستیپێكرد

دژی سەربازیی زۆرەملێ خۆپێشاندانە

دژی سەربازیی زۆرەملێ خۆپێشاندانە