وەستا سادق مێژووی ئاسنگەری لە هەڵەبجە دەپارێزێت

تەمەنێک لەگەڵ بڵێسەی ئاگر و دەنگی چەکۆش

964+

ئەمەل ناجى – هەڵەبجە

لە نێو جەنجاڵی و خێرایی جیهانی مۆدێرندا کە هەمووان روویان لە گاز و وزە کردووە، لە گۆشەیەکی بێدەنگی شاری هەڵەبجە، وەستایەکى بەسەلیقە و دنیادیدەى 80 ساڵان هێشتا بە دەنگی زەنگی چەکوش و تینى خەڵوز، ململانێی کات دەکات.

وەستا سادق، کە تەمەنی لە نێو دووکانی ئاسنگەریدا بەسەر بردووە، رەتیدەکاتەوە دەستبەرداری ئەو رێبازە بێت کە لە باوک و باپیرییەوە بۆی ماوەتەوە.

وەستا سادق فەتحوڵا، بۆ 964 باسى لەو ژیانە دەکات کە لە منداڵییەوە لە نێو بڵێسەی کورەدا گەورە بووە. ئەو دەڵێت: “ئێستا کە تەمەنم هەڵکشاوە و وەک جاران توانای جەستەییم نەماوە، کەمتر کەرەستەی نوێ دروست دەکەم، بەڵام هێشتا بە چێژەوە خەریکی ‘دەمەزەردکردنەوە’ و تیژکردنەوەی تەور و تەورداسم.”

ئەوەی کارەکەی وەستا سادق لە ئاسنگەرەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، وەفادارییەتی بۆ کەرەستە کۆنەکان. لە سەردەمێکدا کە ئامێری کارەبایی و “کۆسەرە” جێگەی هەموو شتێکیان گرتووەتەوە، ئەو هێشتا پەنا دەباتە بەر خەڵوز بۆ گەرمکردنی کورەکەی. بە ئامێرێکی دەستیی سادە ئاگرەکە خۆش دەکات و بە هێزی دەست و چەکوشەکەی، مۆرکی خۆی لەسەر ئاسنەکان جێدەهێڵێت.

ئەم ئاسنگەرە بە ئەزموونە دەڵێت: “خەڵک ئێستا دار و ئامێری گەورە بەکاردەهێنن، بەڵام من هەر بەو شێوازە راهاتووم کە سەدان ساڵە لەم ناوچەیە باوە. دەزانم زەحمەتییەکەی زۆر زیاترە، بەڵام تا توانام تێدا بێت، هەر بەم شێوازە کۆنە بەردەوام دەبم و ئەوە رێگا دروستەکەیە.”

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

ئاسنگەرێک داهێنانى کردووە؛ فڕنى بۆ سۆپاى دار دروستکرد...

ئاسنگەرێک داهێنانى کردووە؛ فڕنى بۆ سۆپاى دار دروستکردووە