لەمڕۆوە

ئەمریکا گەمارۆی دەریایی دەخاتە سەر تەواوی بەندەرەکانی ئێران

964+

وریا فەتاح

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ” سێنتکۆم” رایگەیاند، لە جێبەجێکردنی بڕیارێکی سەرۆکایەتی ئەمریکادا،لە کاتژمێر 10ـى بەیانى ئەمڕۆ بە کاتى ئەمریکا و 5ـى ئێوارە بە کاتى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، گەمارۆیەکی دەریایی گشتگیر دەخەنە سەر هەموو ئەو کەشتیانەی دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەچنە دەرەوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، ئەم گەمارۆیە بە شێوەیەکی بێلایەنانە بەسەر کەشتیی هەموو وڵاتاندا جێبەجێ دەکرێت کە دەیانەوێت هاتوچۆ لەگەڵ بەندەر و ناوچە کەناراوییەکانی ئێراندا بکەن، لەنێویاندا تەواوی بەندەرەکانی ئێران لەسەر کەنداوی عەرەبی و کەنداوی عومان.

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە هێزەکانی سێنتکۆم نابنە رێگر لەبەردەم ئازادیی کەشتیوانی بۆ ئەو کەشتیانەی کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن بۆ بەندەرە “نائێرانییەکان”.

لە کۆتاییدا هاتووە کە پێش دەستپێکردنی گەمارۆکە، ئاگادارکەرەوەی فەرمی بۆ کەشتییە بازرگانییەکان دەنێردرێت و داوا لە دەریاوانان کراوە چاودێری پەخشەکان بکەن و لە رێگەی کەناڵی 16ی دەریاییەوە لە پەیوەندیدا بن لەگەڵ هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە کاتی کارکردنیان لە کەنداوی عومان و نزیک گەرووی هورمز.

ئەم بڕیارە کاریگەرى تەواو لەسەر ئێران جێدەهێڵێت، چونکە ئابووری ئێران بە پلەی یەکەم پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت کە زۆربەی لە رێگەی بەندەرەکانی کەنداوی عەرەبی و گەرووی هورمزەوە دەچێتە دەرەوە. گەمارۆدانی بەندەرەکان واتای ئەوەیە کە ئێران ناتوانێت یەک بەرمیل نەوت بفرۆشێت، ئەمەش دەبێتە هۆی وشکبوونی سەرچاوەی دراوی بیانی و داڕمانی بودجەی وڵاتەکە.

"لە گەمارۆدانی گەرووی هورمز بەشداریی ناکەین"