سەرە گیراوە
ئۆتۆمبێلى غازەکە گەیشت و هاوڵاتیان بە دەستى بەتاڵ گەڕانەوە
964+
دیلان محەمەد- سلێمانى
دیمەنی دەیان هاوڵاتی لە گەڕەکی کانیاوی شاری سلێمانی کە بە بوتڵە بەتاڵەکانیانەوە لە سەرەدا وەستابوون، بە “بێ ئومێدی” کۆتایی هات، چونکە ئۆتۆمبێلى غازەکە کاتێک گەیشت کە لە کۆى 80 بوتڵ 75 بوتڵى بەتاڵکردبوو.
پەیامنێرى 964 لە شوێنەکە، گوێى لە ناڕەزایەتى و گلەیى هاوڵاتیان گرت، هاوڵاتییەکە بە توڕەییەوە وتى،”غاز هەیە، بەڵام نایدەن بە ئێمە و دەیبەن بۆ شوێنی تر.” یەکێکی دیکەش ئاماژە بەوە دەکات کە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە سوێند دەخوات تەنیا 5 بوتڵی پڕی پێیە و نوێنەری ئاسایشی ئابووریشی لەگەڵدایە، بەڵام خەڵکەکە باوەڕ ناکەن.
قەیرانى غاز لە حاڵى هاوڵاتییەکدا بە تەواوەتى رەنگ دەداتەوە کە بۆ 964 باسى کرد و وتى،”دوو رۆژە بوتڵێکی غازم خستووەتە سەر ماتۆڕەکەی و بە هەموو سلێمانیدا دەگەڕێم، بەڵام کەس بۆم پڕ ناکاتەوە”.
ئەو بە 964ی وت: “هەموو شتێک بووە بە واستە، تەنانەت ئێستاش لەبەر چاوی خۆمان واستە کرا و کەسێک هات و بوتڵێکی برد.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح