گەرووی هورمز
چیرۆکێک بیرى ئەمریکا دەخاتەوە
سوپاى پاسداران لەبارەى گەرووى هورمزەوە هۆشدارى دەدات
964+
وریا فەتاح
سوپای پاسدارانی ئێران هۆشدارییەکی توند ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، “چاوەڕێی” هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا دەکەن کە بڕیارە وەک پاسەوان یاوەری کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بکەن لە گەرووی هورمز.
ئەم کاردانەوەیەی تاران دوای ئەوە هات کە وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، هێزی دەریایی وڵاتەکەی ئامادەکاری دەکات بۆ پاراستنی هاتوچۆی کەشتییەکان لەو گەرووە ستراتیژییەدا، کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە گەشتە بازرگانییەکانی تێدا پەککەوتووە.
عەلی محەمەد نائینی، وتەبێژی سوپای پاسداران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە،”ئێمە چاوەڕێی هاتنی ئەوانین، پێش ئەوەی ئەمریکییەکان هەر بڕیارێک بدەن، پێویستە مێژوو هەڵبدەنەوە و سووتانی کەشتییە زەبەلاحەکەی خۆیان بەناوی ‘بریجتۆن’ لە ساڵی 1987 بیربێتەوە کە لەلایەن ئێرانەوە کرایە ئامانج و نقومکرا، هەروەها ئەو کەشتیانەی لەم دواییانەشدا کرانە ئامانج.”