"پێدەچێت ژەهرخوارد کرابن"
لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەی گەڕەکی باغڵومنارە ژن و منداڵیشی تێدایە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
تائێستا 108 کەلـلەسەری مرۆڤ لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەی گەڕەکی باغڵومنارەی هەولێر دۆزراونەتەوە کە پێدەچێت مێژووەکەی بۆ سەدەی شەشەم و پێنجەمی پێش زایین بگەڕێتەوە.
گۆڕە بەکۆمەڵەکە شوێنەوارێکی مێژوویی گرنگە و لەکاتی دروستکردنی شەقامێک دەرکەوتووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و کەلەپور لە شوێنەکە دەکۆڵێتەوە و DNA ئەو تەرمانە نێردراون بۆ وەزارەتی ناوخۆ بۆ پشکنینی وردی زانستی.
محەمەد لەشکری سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە بە 964ـی وت، “بەپێی ئەو سکە و ئاسەوارانەی دۆزراونەتەوە، مێژووی گۆڕەکە بۆ سەدەی شەشەم و پێنجەمی پێش زایین و سەردەمی شانشینی ئەدیابین دەگەڕێتەوە”.
“ئێرە ناوەندی ئایینی کریستیان بووە، گومان دەکەین کە ساسانییەکان ئەم گۆڕە بەکۆمەڵەیان دروست کردبێت و ئەمانەش خێزانی شانشینی ئەدیابین بن کە لێرە نێژراون”، محەمەد لەشکری وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕەکە نموونەی نییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ژن و منداڵ و پیاویشی تێدایە، بەپێی لێکۆڵینەوەکانیشیان پێدەچێت کاتی خۆی ژەهرخوارد کرابن.
لە گۆڕەکەدا جگە لەو کەلـلەسەرانە، پارەی کۆن، دوو خڕخاڵی بڕۆنز، دوو مرواری ملوانکە و بازنێکی ئاسن و چەند پارچە گۆزەیەک دۆزراونەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و کەلەپور پێیوایە، دەکرێت، ئەو گۆڕە پەردە لەسەر نهێنییەکی گەورەی مێژوویی لاببات و مێژووی سیاسی و ئایینی شانشینی ئەدیابین بگۆڕێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری