زمانى دایک
لە “بژارەوە”ـەوە تا “رێبوار”؛ 964 لە بازاڕی هەولێر بە 12 وشە هاوڵاتییان تاقی دەکاتەوە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ئەمڕۆ 21ـی شوبات، کە هاوکاتە لەگەڵ 2ـی رەشەمێ، جیهان ئاهەنگی ڕۆژی زمانی دایک دەگێڕێت. بەم بۆنەیەوە پەیامنێری 964 لەنێو جەرگەی بازاڕی شاری هەولێر، بە لیستێک لە وشەی رەسەنی کوردییەوە رووی لە هاوڵاتییان کرد.
پەیامنێرەکەمان 12 وشەی تێکەڵ (قورس و ئاسان)ـی لەگەڵ خۆی بردبوو، وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ ئەوەی بزانێت تا چەند خەڵکی شارەکە لە مانای وردی وشەکان تێدەگەن یان لە بیریان ماوە.
لە وەڵامەکاندا دیمەنی جیاواز دەبینران، ژمارەیەک لە بەشداربووان بە دیقەتەوە مانای تەواوی وشەکانیان دەزانی و شارەزاییان لە فەرهەنگی کوردیدا هەبوو، لە بەرامبەردا هەندێکی دیکە هەبوون کە بەشێک لە وشەکانیان بەلاوە نامۆ بوو یان ماناکانیان نەدەزانی.