وتەبێژی یەپەژە بۆ 964: “کەزییەکانی باشوور مۆڕاڵی ئێمەن و تەسلیمبوون لای ئێمە نییە”
964+
توانا نەقى- حەسەکە
لە دڵى بەرەکانى بەرگری لە حەسەکە، رۆکسان محەمەد، وتەبێژی هێزەکانی یەپەژە پەیامێکی پڕ لە ئیرادەی لە ڕێگەی 964ـەوە ئاراستەی جیهان و باشووری کوردستان کرد.
رۆکسان دەڵێت: “هەرچەندە ئاگربەستە، بەڵام چەتەکان و سوپای داگیرکەر لە پەنای نزیکن لێمانەوە، ئێمەش بە ورەیەکی پۆڵایینەوە بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەین.”
وتەبێژەکەی یەپەژە بە زمانێکی پڕ لە سۆزەوە باسی لە “کەزی” کرد و وتی: “کەزیی لای ئێمە تەنیا جوانی نییە، بەڵکو خاک و مێژووە، ئەو کچ و ژنانەی لە باشووری کوردستان کەزی دەهۆننەوە، ورە و مۆڕاڵی ئێمە لە سەنگەرەکان بەرز دەکەنەوە؛ ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە کەس ناتوانێت بێ ناسنامە و بێ کەزی بمانهێڵێتەوە.”
رۆکسان محەمەد جەختی کردەوە کە خەباتەکەیان بۆ ئازادیی ژن و کۆمەڵگەیە و لەسەر رێبازى “دەنیز” بەردەوامن دژ بەو گروپانەی هیچ نرخێک بۆ ژیان دانانێن. لە کۆتاییدا سڵاوی بۆ هەموو گەلی کورد نارد و ڕایگەیاند: “تەسلیمبوون لای ژنی کورد قبوڵکراو نییە و وەستانی ئێوە، گەورەترین خەباتە بۆ ئازادی.”
داڕشتنەوە: وریا فەتاح