"مانی گرتووە و دەیەوێت بەکەمئەندامی سەنگەر خانەنشین بکرێت"
پێشمەرگەیەک لە سەیدسادقەوە هاتووەتە هەولێر و لەسەر شەقام دەمێنێتەوە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
پێشمەرگەیەک لە سەیدسادقەوە هاتووەتە هەولێر و لەسەر شەقام دەمێنێتەوە، وەک خۆی دەڵێت، مانی گرتووە لەبەر ئەوەی بەنەخۆش خانەشین دەکرێت، بەڵام خۆی پێیوایە، کەمئەندامی سەنگەرە و دەبێ بەکەمئەندامی سەنگەر خانەنشین بکرێت.
عەتا ئەحمەد خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “دوو جار بەسەختی لە شەڕی داعشدا برینداربووم، قاچێکم سەقەتە، دوو فیشەک داویەتی لە سمتم، فیشەکێک داویەتی لە باڵم، فیشەکێک داویەتی لەبن ڕانم و فیشەکێکیش داویەتی لە شوێنی کاریگەرم، بردیەتی، کەچی دەیانەوێ بەنەخۆش خانەشینم بکەن”.
“چەند جار لە سەیدساقەوە هاتوومە هەولێر، ئەمڕۆش 150 هەزار دینارم قەرزکردووە، پێی هاتووم”، عەتا ئەحمەد وادەڵێت.
ئەو پێشمەرگەیە وەک دەڵێت، نووسراوی نەخۆشخانەی شار و نەخۆشخانەی پێشمەرگەی پێیە، لیژنەی پزیشکیش پشتڕاستیکردووەتەوە کە کەمئەندامی سەنگەرە، بەڵام لە بەشی یاسا رەتدەکرێتەوە و دەیانەوێت بەنەخۆش خانەنشێنی بکەن.
عەتا ئەحمەد وتیشی، “لەسەر ئەم کەیسە لە ساڵی 2021ـەوە دەستی دەستیم پێدەکەن و ئەوە بۆ 20ـەم جارە لە سەیدسادقەوە دێمە هەولێر و هەمووشی لەسەر حیسابی خۆم چوومەتە عیادە”.
سەبارەت بە دۆخی ئەو پێشمەرگەیە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە 964ـی وت، “هەفتەی داهاتوو با سەدانی فەرمانگەی یاسایی بکات، ئەگەر قسەکانی راست بێت و بەڵگەی پێبێت، بەدڵنیایەوە بەدواداچوون دەکرێت، ئەگەر هەر بۆشی نەکرا، با لە دادگای سەربازی سکاڵا تۆمار بکات”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری