هاتوچۆی سلێمانی - وێنە: 964
بەهۆی پشووەوە
هاتوچۆی سلێمانی: شۆفێران لە سزای دواکەوتن دەبەخشرێن
964+
ئەحمەد مستەفا
هاتوچۆی سلێمانی دەیەوێ شۆفێر و هاوڵاتییان دڵنیابن، بەهۆی نزیکبوونەوەی کۆتایی ساڵ و رێکارە داراییەکانەوە، گۆڕانکاری لە کاتی دەوام و بڕینی پسوڵەکاندا کردووە.
وە هیچ شۆفێرێک بەهۆی نەبوونی دەوامەوە، سزای پێبژاردنی بۆ ناکرێ.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە کە ئەمڕۆ 24.12.2025 بڵاوی کردووەتەوە، لە کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە تاوەکو دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی لە ساڵی نوێدا، هیچ جۆرە پسوڵەیەک لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی نابڕدرێت و مامەڵە داراییەکان رادەگیرێن.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە بارەی سزای دواکەوتن دەڵێ، ئەو هاوڵاتییانەی لەم ماوەیەدا مامەڵەکانیان تووشی سزای دواکەوتن دەبێت، بەپێی نوسراوی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو سزایە دەبەخشرێن.
ئەم بڕیارە بۆ ئەوەیە کە هاوڵاتییان بەهۆی پشووەکانی کۆتایی ساڵ و راگرتنی کاتیی دەوامەوە زیانی داراییان بەرنەکەوێت و مامەڵەکانیان بەبێ سزا بۆ ساڵی نوێ بگوێزرێتەوە.