گۆرانییەک بۆ 964 دووبارە دەکاتەوە
خاوەنی گۆرانى “رەیحانە رەیحانە” بۆ 964: جاران هونەرمەند بە پەنجەی دەست دەژمێردران
964+
کاروان ساڵحى – کەرکوک
کەم کەس هەیە لە نەوەی هەشتا و نەوەدەکان گۆرانی “رەیحانە رەیحانە”ـی لەبەرنەبێت یان گوێی لێنەبووبێت، مستەفا رەئوف، ئەو هونەرمەندەی زیاتر لە 40 ساڵە بەم گۆرانییە و دەنگە زوڵاڵەکەی دەناسرێتەوە، ئاوڕ لە “سەردەمە زێڕینەکە” دەداتەوە و دەڵێت: ئەو کات هونەرمەند بە پەنجەی دەست دەژمێردران.
مستەفا رەئوف، کە لەدایکبووی ساڵی 1963ـیە، باس لەوە دەکات کە هەرچەندە لە حەفتاکانەوە لە چالاکیی قوتابخانەکان دەستیپێکردووە، بەڵام ساڵی 1982 وەک خاڵی وەرچەرخان دەبینێت، کاتێک یەکەم گۆرانی خۆی بەناوی “رەیحانە” لەگەڵ تیپی مۆسیقای خانەی مامۆستایان تۆمار کرد.
ئەو هونەرمەندە بە “حەسرەتەوە” باسی ساڵانی هەشتاکان دەکات و دەڵێت: “ئەو کاتە ژمارەی هونەرمەندەکان هێندە کەم بوو بە پەنجەی دەست دەژمێردران، رەنگە هەموومان 12 هونەرمەند بووبین”.
مستەفا رەئوف، یادەوەرییەکانی لەگەڵ هاوڕێکانیدا دەگێڕێتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەوکات لە بنکەی وەرزشەکان لەگەڵ هونەرمەندان (میدیا حوسێن، کەمال محەمەد، عەتا چاوشین، خالید محەمەد، زاهیر جەلال و کامەران عومەر) کاریان کردووە، بەڵام پشکی شێر و زۆرترین ئاهەنگ و دانیشتنەکانی لەگەڵ کەمال محەمەد و میدیا حوسێن بووە.
خاوەنی گۆرانییەکانی (مەندانی و مەندان، ناسک ناسک، یاری تازە، حەکیمێک بێنن و هاوار وتم ئەمشەو)، نیگەرانە لە دۆخی ئێستای هونەر و هۆکاری کەم دەرکەوتنیشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە “ئێستا رێژەی هونەرمەند زۆر بووە و وەک جاران بایەخ بە هونەر و هونەرمەندان نادرێت”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح