چەند شوێنێک سوتێندراون

دۆخى قەزاى خەبات ئاسایى بووەتەوە

964+
عەبدولعەزیز خالند- هەولێر

دواى گرژى و ئاڵۆزییەکانى شەوى رابردووى قەزاى خەبات کە درێژکراوەى گرژییەکانى گوندى لاجان بوون، ئەمڕۆ دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە و چەند شوێنێکى حکومیش سوتێندراون.

لە ئێوارەى دوێنێوە تا درەنگانێکى شەو، دۆخى قەزاى خەبات نائارام بوو، ژمارەیەک لە خەڵکى قەزاکە گردبوونەوە و هێرشیان کردە سەر هەریەک لە (بەڕێوەبەرایەتى ناوەندى لاوان، قەپانى خەبات، کامێرایەکى تۆمارکردنى تیژڕۆیى) و سوتاندیانن.

ئەمڕۆ دۆخى قەزاکە ئاسایى بووەتەوە خەڵک گەڕاونەتەوە سەر ئیش و کارەکانیانن تیمەکانى شارەوانیش دەستیان کردووە بە لابردنى پاشماوەى ئەو تایە و دارانەى لەسەر شەقامەکان سوتێندرا بوون.

لە دەورووبەرى قەزاکەش ژمارەیەک ئۆتۆمبێلى هێزە ئەمنییەکان جێگیرکراون، بەوتەى کیفاح حەسەن، وتەبێژى پۆلیسى هەولێر، ئەو هێزانە بۆیە لەوێن تا دۆخەکە بە تەواوەتى ئاسایى دەبێتەوە و گرژى و ئاڵۆزى زیاتر دروست نابێت.

ئێوارەى دوێنێ، وەک بەشێک لە لێکەوتەى گرژییەکانى گوندى لاجان، ژمارەیەک کەس لە قەزاى خەبات دەستیانکرد بە خۆپیشاندان و رێگاکانیان داخستن، دواتر هێزى ئەمنى رەوانەى شارەکە کرا و دۆخەکە تا درەنگانێکى شەو نائارام بوو و تەقەى هەوایى تێکەوت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

بەڵێنەکانی حکومەت دۆخی گوندی لاجانی ئاسایی کردەوە

بەڵێنەکانی حکومەت دۆخی گوندی لاجانی ئاسایی کردەوە