كۆمیسۆنی باڵا:

71 سكاڵای هەڵبژاردن رەتكرانەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشكرای كرد، 71 سکاڵای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن دەستەی کۆمسیارانەوە رەتکراوەتەوە.

جومانە ئەلغەلای، وتەبێژی کۆمسیۆن ئەمڕۆ پێنجشەممە 20.11.2025 لە گرووپی رۆژنامەنووسان لە واتساپ راگەیاند: “ژمارەی سکاڵا زەردەکانی پێشکەشکراو گەیشتە 71 سکاڵا کە سەرجەمیان لەلایەن دەستەی کۆمسیارانەوە رەتکرانەوە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “ژمارەی سکاڵا سەوزەکانیش گەیشتووەتە 32 سکاڵا، هەندێکیان بە بڕیارێک کە لەلایەن دەستەی کۆمیسارانەوەوە رەتکرانەوە، هەندێکی دیکەشیان هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان”.

جۆرەكانی سكاڵای هەڵبژاردنی عێراق سێ جۆرن، زەرد و سەوز و سوور.

بە پێی پۆلینی كۆمسیۆن سكاڵاكان بەم جۆرە دابەشكراون:

سکاڵای زەرد: ئەمانە مەرجی فەرمی یان جەوهەرییان نییە و بە راشکاوی رەتدەکرێنەوە.

سکاڵای سەوز: ئەمانە تایبەتن بە پێشێلکاری ئیداری یان بانگەشەی هەڵبژاردن کە کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن نییە، بەڵام پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە.

سکاڵای سوور: ئەمانە پێشێلکاری جددی لەخۆدەگرن کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئەنجامە کۆتاییەکان هەبێت و لە لێکۆڵینەوە و مامەڵەکردندا ئەولەویەتیان پێدەدرێت.

رۆژی 11.11.2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق كرا و لە رۆژی 17ی ئەم مانگەش ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن راگەیاندرا.

تانەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی عێراق گەیشتە 400

تانەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی عێراق گەیشتە 400