یانەی شوڕتە فۆتۆ: پەیجی یانەکە
یانه عێراقییه‌كان هێشتا له به‌غدا یاری ناكه‌ن
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا
یانه‌ی شوڕته‌ی عێراقی، بۆ به‌شداریكردن له خولی یانه عه‌ره‌بییه‌كان یاریگای نێوده‌وڵه‌تی كه‌ربه‌لای هه‌ڵبژارد.
یانه‌ی شوڕته، پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووی خولی عێراق، كه ئه‌م وه‌رزه‌ش ئاسۆ رۆسته‌می هێرشبه‌ری كورد یاری بۆ ده‌كات، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه ئاشكرای كرد، یاریگای كه‌ربه‌لای هه‌ڵبژاردووه بۆ ئه‌نجامدانی یارییه‌كانی خۆی له پاڵه‌وانیه‌تیی یانه‌كانی عه‌ره‌بی، كه به پاڵه‌وانیه‌تیی شا سه‌لمان ناسراوه.
یاریگه‌ی كه‌ربه‌لا جێگه‌ی 30 هه‌زار كه‌سی تێدا ده‌بێته‌وه، پارساڵیش میوانداری یارییه‌كانی یانه‌ی شوڕته‌ی كرد، هه‌روه‌ها یانه‌كانی زه‌وڕا و جه‌وییه‌ش یارییه‌كانی خۆیان له خولی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئاسیا له‌وێدا ئه‌نجامدا.
بڕیاره شه‌شی ئه‌م مانگه تیروپشكی خولی یانه عه‌ره‌بییه‌كان بكرێت و یارییه‌كانیش له 10ی نیسانی داهاتوو ده‌ستپێده‌كه‌ن، كه 24 یانه‌ی عه‌ره‌بی به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ن.
یانه‌كانی عێراق هێشتا بۆیان نییه له شاری به‌غدا یارییه‌كانیان له خوله‌كانی عه‌ره‌بی و ئاسیا ئه‌نجام بده‌ن و ئابلۆقه‌ی وه‌رزشی له شاره‌كه‌یه، ته‌نیا ده‌توانن له به‌سڕه، كه‌ربه‌لا و هه‌ولێر یاری بكه‌ن.