داتایان دراوه‌ته‌ كۆمیسیۆن

سبه‌ینێ ئاوارەكان لەناو كەمپەكاندا دەنگ دەدەن

964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ده‌ڵێت، كە لە نزیكەوە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەكات بۆ ئاسانكاری دەنگدانی ئاوارەكان، دەشڵیت، “دەنگدان تەنها لەناو كەمپەكاندا بۆ ئەو كەسانە ئەنجام دەدرێت كە شایستەن”.
عەلی عەباس جەهانگیر، وتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، كۆمسیۆن بەرنامەیەكی تایبەت پەیڕەو دەكات بۆ ئەوەی ئاوارەكان بخرێنە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەكانەوە، ئەوەش بە پشتبەستن بە بڕیاری پەرلەمان بۆ ڕێگەدان بە دانیشتوانی كەمپەكان كە دەنگ بدەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەت ماوەیەك لەمەوبەر داتای ئاوارەكانی ناو كەمپەكانی بە كۆمسیۆن داوە. هەروەها ئەو كەسانەی ئاوارەن و لە دەرەوەی كەمپەكان دەژین، بەپێی ئەو پارێزگارانەی كە تێیدا تۆماركراون، دەنگ دەدەن.
وتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی دەشڵێت، ناوەندی تایبەت بە دەنگدان لەناو كەمپەكاندا دەكرێتەوە، ئاوارەكانیش لەگەڵ دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە ئەمنییەكان، دەنگدەدەن”.

پێشتر وتەبێژی كۆمسیۆن ئاشکرای کردبوو کە 26 هەزار و 538 هاوڵاتی ئاوارە مافی دەنگدانیان هەیە، كە لە 27 بنكە و 97 وێستگە دەنگ دەدەن.