"ژمارە تەلەفۆنیان بۆ میوانان داناوە"
هەڵەبجەییەکان دەرگایان لەسەر پشتە بۆ میوانانی فێستیڤاڵ
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
هەڵەبجەییەکان لە میوانداریدا کەم وێنەن و ئەم دوو سێ رۆژەش، دەرگایان لەسەر پشتە بۆ میوانانی فێستیڤاڵی هەنار و پاییز.
ئەمڕۆ شەممە 1.11.2025 کۆتا رۆژی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە، لە دوو رۆژی رابردوودا خەڵکێکی زۆر لە هەموو ناوچەکانی کوردستان و دەرەوش روویان لە هەڵەبجە کردووە و هۆتێل و مۆتێلەکان پڕبوون لە سەردانیکار، جگە لەوەش ماڵ نییە میوانی نەبێ و هەڵەبجەییەکان دەرگایان بەڕووی میواناندا کردووەتەوە.
سۆما عەلی یەکێک لە دانیشتووانی هەڵەبجە بە 964ـی وت، شەوی رابردوو، خۆیان و دراوسێکانیان میوانیان هەبووە کە بەشێکیان تەنانەت میوانەکانیان نەناسیوە، بەڵام بۆ ئەوەی لە دەرەوەی نەمێننەوە بە باشترین شێوە پێشوازیان لێکردوون.
دەشڵێت، هەندێک لە هەڵەبجەییەکان ژمارە تەلەفۆنیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ میوانان داناوە و ئەم دوو سێ رۆژە بەردەوام دەرگایان لەسەر پشتە.
یانزەیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە لە رۆژی پێنجشەممەوە 30.10.2025 دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ کۆتا رۆژی فێستیڤاڵەکەیە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری