لەسەر هێورکردنەوەی شەڕی بازرگانی نێوانیان رێککەوتن
دوو زلهێزەکەی جیهان دوای شەش ساڵ کۆبوونەوە
964+
شۆڕش قادری
سەرۆکەکانی ئەمریکا و چین، دوو زلهێزەکەی جیهان، دوای شەش ساڵ لە شاری بوسانـی کۆریای باشور کۆبوونەوە و لەسەر چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان و هێورکردنەوەی شەڕی بازرگانی نێوانیان رێککەوتن.
کۆبوونەوەکە لە پەراوێزی لوتکەی “هاوکاری ئابووری ئاسیا پەیسیفیک” بەڕێوەچوو و بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، شی جینپینگ سەرۆکی چین دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاندووە، ئاساییە پەکین و واشنتۆن لەسەر هەندێک پرس ناکۆکییەکان هەبێت، بەڵام دەبێت ئەو پەیوەندیی و دۆستایەتییەی لە نێوانیان دایە، بیپارێزن.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، کۆبوونەوەیەیکی بەپێز و گرنگی لەگەڵ شی جینپینگ ئەنجامداوە و لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ لەوانەش پرسەکانی پەیوەندیدار بە بازرگانی و سەپاندنی باجی گومرگی رێککەوتوون.
باسی لەوەش کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بەباشی دەمێنێتەوە، هیواشی خواست لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ سەرۆکی چین لەسەر بابەتی زیاتر بگەن بە رێککەوتن.