باڵكئەسیر و ئیستەنبوڵ
بوومەلەرزەیەكی بەهێز توركیای هەژاند
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 6.1 پلە بە پێوەری رێختەر، ئەمشەو دووشەممە 27.10.2025 لە پارێزگای باڵکئەسیری لە رۆژئاوای تورکیا هەژاند، کە دانیشتوانی ئەستەنبوڵ و شارەکانی دەوروبەریشی هەستیان پێکرد.
ناوەندی چاودێریی بوومەلەرزەی تورکیا بڵاویکردەوە، لەرزینەکە دوای کاتژمێر 10:48ی ئەمشەو بە كاتی توركیا روویداوە، بەڵام هێشتا باش لە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەكراوە.
ئاماژە بەوەش كراوە، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 5.99 کیلۆمەتردا روویداوە و کاریگەرییەکەی لە چەندین شاری گەورەی وەک ئیستەنبوڵ، ئیزمیر، بورسا و مانیسا هەستی پێکراوە، ئەمەش بووەتە هۆی دڵەڕاوکێ لەناو خەڵکیدا.
تورکیا لە چەند رۆژی رابردوودا زنجیرەیەک بوومەلەرزەی مامناوەند و بچووکی بەخۆیەوە بینیوە، کە لە ناوچەکانی دەریای ئیجە و دەریای مەڕمەڕە چڕبوونەتەوە، ئەمەش نیگەرانییەکانی زیادبوونی چالاکییە بومەلەرزەییەکانی لەم وڵاتەدا دروستکردووە.
تورکیا لەسەر چەندین هێڵی شلەی بوومەلەرزەیی چالاک کەوتووە، دیارترینیان شلەی باکووری ئەنادۆڵە کە لە رۆژهەڵاتەوە بەرەو رۆژئاوا دەڕوات و بە یەکێک لە مەترسیدارترین هێڵەکانی شلە لە جیهاندا دادەنرێت.