کۆتایی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت

ئاڵوگۆڕ و کڕین و فرۆشتنی دوکانەکان لە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە قەدەغە کرا

شۆڕش قادری

ئاڵوگۆڕ و کڕین و فرۆشتنی دوکانەکان لە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە قەدەغە کرا و هەرکەس ئەو کارە بکات، سزا دەدرێت و لە فێستیڤاڵەکەش دوور دەخرێتەوە.

لیژنەی باڵای یانزەیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە لە ئاگادارییەکدا بۆ ئەو کەسانەی کە لە فێستیڤاڵەکەدا شوێن و دوکانیان بۆ دەرچووە دەڵێت، “ئاڵوگۆڕ و فرۆشتنی دوکانەکان بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە”.

جەختیش لەوە دەکاتەوە کە هەر کەسێک ئاڵوگۆڕ و فرۆشتن ئەنجام بدات، لە دوای گەڕانی لیژنەی چاودێری لە سێ رۆژی فێستیڤاڵ، بە پێی بەڵێننامەی واژوو کراو، هەردوولا واتە فرۆشیار و کڕیاریش سزای یاسای دەدرێن و لە فێستیڤاڵ دوور دەخرێنەوە.

بڕیارە رۆژی 30ـی ئەم مانگە یانزەیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییز لە هەڵەبجە دەستپێبکات و بۆ ماوەی سێ رۆژیش بەردەوام دەبێت.