باسی هەڵبژاردن دەكەن

ئەمڕۆ یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر
پارتی و یەكێتی لەسەر ئاستی دەزگای هەڵبژاردن كۆدەبنەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان.

بڕیارە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، پارتی و یەکێتی لە هەولێر، لەسەر ئاستی دەزگای هەڵبژاردنی هەردوو حزب کۆببنەوە.

كۆبوونەوەكە بۆ قسەكردنە لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پرسی هەڵبژاردن.

زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە 964ی راگەیاند، كۆبوونەوەكە لە هەولێر دەكرێت و باس لە پرسی هەڵبژاردن و چەند پرسێكی دیكە لە ناوخۆی ئەو دوو حزبەدا دەكرێت.

تیمەکەی پارتی پێکهاتوون لە رێبوار یەڵدا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان و ژمارەیەک تەکنیکار.

بەهمەن كاكە عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە تۆری 964ی راگەیاند ”كۆبوونەوەكە بۆ قسەكردنە لەسەر دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و پرسی هەڵبژاردنەكان، چەند پرسێكی دیكە تاوتوێ دەكرێت.

شاندی یەکێتی لە رزگار حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن و زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک تەکنیکار پێکهاتوون.

باس لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و رێککەوتن لەسەر پێشنیازکردنی رۆژێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە سبەی چوارشەممە پەرلەمانی کوردستان دەستدەکاتەوە بە دانیشتنەکانی خولی بەهارەی خۆی.