بە فرۆشتنی زەوییەکانی دەوروبەری 100 مەترییەکەی سلێمانی تەواو دەکرێت
964+
ئاودێر عومەر – سلێمانی
شارەوانی سلێمانی ژمارەیەک زەوی دەوروبەری 100 مەترییەکەی سلێمانی و دەرەوەی شارەکەی دەستنیشانکردووە بۆ فرۆشتن تاوەکو بە پارەکەی 100 مەترییەکە تەواو بکات.
100 مەترییەکەی سلێمانی کە درێژییەکەی 146 کیلۆمەترە و بەسێ قۆناغ دەبووایە تەواو ببێت، قۆناغی یەکەمی 32 کیلۆمەترە و لە تاسڵوجەوە بۆ نزیکەی عەربەت دەبێت و 46٪ـی قۆناغی یەکەمی تەواو بووە.
ئەوەی کە ئێستا بووەتە گەورەترین بەربەست لەبەردەم شەقامی 100 مەترییەکەی سلێمانی، نەبوونی پارەی پێویستە.
ئەندازیار ئەبوبەکر تەيب، بەڕێوەبەری ئۆتۆبانی بابان دەڵێت: 32 کیلۆمەتری پڕۆژەکە تێکەڵڕێژ کراوە و گەیشتۆتە قۆناغی قیرتاو، بەڵام ئەمەیان “قورسترین بڕگەی پڕۆژەکەیە و پارەیەکی زۆری دەوێت، بۆ ئەمە شارەوانی سلێمانی دەیەوێت هەندێک زەوی دەوروبەری شەقامەکە بفرۆشێت بۆ دابنیکردنی پارەی پێویست”.
بۆ ئەو پرسە ئەمڕۆ دووشەممە 27.2.2023، شارەوانی سلێمانی کۆبۆتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی 964، زۆرێک لەو زەویانە خراونەتە مزایدەوە بۆ فرۆشتن.
ئەندازیار ئەبوبەکر تەيب دەشڵێت: ئیشکردن لە پڕۆژەکە نەوەستاوە، بەڵام خاوبۆتەوە کە هۆکاری سەرەکی نەبوونی نەختینەیە کە بدرێت بە کۆمپانیای جێبەجێکار.
100 مەترییەکەی سلێمانی لە 11ـی تەمووزی 2020 لەلایەن مەسرور بارزانی بەردی بناغەی بۆ دانراوە و دەبوو لەماوەی سێ ساڵ تەواو بکرێت و گوژمەی 400 ملیار دیناریشی بۆ تەرخان کرابوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی نەختینە چەندجارێک کارکردن تێیدا وەستاوە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق